ڕاگەیاندنی وەزارەتی خوێندنی باڵا
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، دامەزراندن و دەستبەکاربونی بۆردی توێژینەوەی زانستی ڕادەگەیەنێت، وەک گرانتی یەکەمیش بڕی (١٠٠) ملیۆن دینار بۆ بۆردەکە تەرخان دەکات.
عەباس ئەکرەم وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: لەپێناو داڕشتنی چوارچێوەی سیاسەت و ستراتیژی گشتی توێژینەوەی زانستی و، هاندان و گەشەپێدان و کاراکردنی چالاکی توێژینەوە لە بوار و پسپۆڕی جیا و، لەبەر ڕۆشنایی پێداویستیە زانستی و تەکنەلۆژی، ئابوری، سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی خوێندنی باڵا دامەزراندن و دەستبەکاربونی بۆردی توێژینەوەی زانستی ڕادەگەیەنێت، ئاشکراشیکرد ئەم بۆردە کار بۆ ئاراستەکردن و پشتیوانیکردنی چالاکی توێژینەوەی زانستی لە ڕێگەی دەستەبەرکردنی گرانتی ساڵانە دەکات و، هەوڵی دۆزینەوەی پارتنەری نێودەوڵەتی بۆ پڕۆژەکانی توێژینەوە و بەخشیننی بەو پڕۆپۆزەڵانەی کە ئاستی زانستیان بەرزەو لە ئەولەویەتی بەرژەوەندی نیشتیمانی هەرێمی کوردستان دەکات.