وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند ماوەی پڕۆسەی پێشکەشکردن بۆ خوێندنی باڵا/ ماستەر و دکتۆرا بۆ یەک ڕۆژی دیکە درێژکرایەوە، دوای ئەوەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەندی دەربڕی بۆ پێدانی لاری نەبون بۆ فەرمانبەرانی وەزارەتەکان بەمەبەستی پێشکەشکردن بۆ خوێندنی باڵا/ ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان.
عەباس ئەکرەم وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕایگەیاند: لەپێناو بەرژەوەندی خوازیاران و پێدانی دەرفەتی پێشکەشکردن بە خوازیاران، بڕیاردرا بە درێژکردنەوەی ماوەی پێشکەشکردن (١) یەک رۆژ ، واتە تا کۆتایی دەوامی رەسمی ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی (14-5-2017) پرۆسەی پێشکەشکردن بۆ خوێندنی باڵا/ ماستەر و دکتۆرا بەردەوام دەبێت. وتیشی: ڕێکەوتی دەستنیشانکراوی تاقیکردنەوەی توانستی زانستی خوێندنی ماستەر و دکتۆرا و، ڕێکەوتی دەستپێکی دەوامی ئەکادیمی بۆ سیسمتەری هاوینەی ساڵی (2016-2017) وەکو خۆی دەمینێتەوە.
سەبارەت بە پێدانی مۆڵەتی خوێندن بۆ خوازیاران لەلایەن وەزارەتەکانەوە، وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئاشکرایکرد: دوای ئەوەی وەزارەتەکەمان داوای لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران کرد گشتاندنێک بۆ سەرجەم وەزارەتەکان بکات بۆ پێدانی لاری نەبون بەمەبەستی پێدانی مۆڵەتی خوێندن لە ناوەوەی هەرێم، بۆ ئەم مەبەستە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بەنوسراوی ژمارە (2048) لە ڕێکەوتی (9-5-2017) كە ئاڕاستەی سەرجەم وەزارەتەکانی کردوە، بڕیاریدا بە پێدانی لاری نەبون بۆ فەرمانبەرانی وەزارەتەکانی حکومەت بەمەبەستی پێشکەشکردن بۆ خوێندنی ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان.