University of Raparin Logo

وتەبێژى خوێندنی باڵا: ماوەى پێشکەشکردن بۆ خوێندنی ماستەر و دکتۆرا درێژكرايەوە

چاپکردن ئیمەیڵ

وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاگادارى خوازیارانی خوێندنی باڵا/ماستەر و دکتۆرا دەکات، کە ماوەى پڕۆسەی پێشکەشکردن بۆ خوێندنی باڵا/ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ سیمسته‌ری هاوینە درێژکرایەوە.

عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا ڕایگەیاند: لەپێناو بەرژەوەندى گشتى و ڕەخساندنى دەرفەتى زیاتر بۆ خوازیاران، وەزارەتى خوێندنى باڵا بڕیاریدا بۆ ماوەى یەک هەفتە پێشکەشکردن بۆ خوێندنی باڵا/ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان درێژ بکاتەوە، واتە تا کۆتایی دەوامى رەسمى ڕۆژى پێنج شەممە ڕێکەوتى(۲۰۱۷/٥/۱۱) پرۆسەى پێشکەشکردن بەردەوام دەبێت.

لەبارەى وادەى تاقیکردنەوەى توانستى زانستى، عەباس ئەکرەم ڕایگەیاند تاقیکردنەوەى توانستى زانستى بۆ خوێندنى باڵا/ ماستەر بۆ ماوەى یەک هەفتە دوادەخرێت، واتە لە ڕۆژى یەکشەممە ڕێکەوتى (۲۰۱۷/٥/۲۱) سەعات (۱۰)ى بەیانى لە گشت زانکۆکان ئەنجام دەدرێـت، بەهەمان شێوە تاقیکردنەوەى توانستى زانستى بۆ خوێندنى باڵا/ دکتۆرا بۆ ماوەى یەک هەفتە دوادەخرێت، واتە لە ڕۆژى دوشەممە ڕێکەوتى (۲۰۱۷/٥/۲۲) سەعات (۱۰) ى بەیانى لە گشت زانکۆکان ئەنجام دەدرێـت.

وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتيشى: دەستپێکى دەوامى ئەکادیمی خوێندنى ماستەر و دکتۆرا بۆ سیسمتەرى هاوینەى ساڵى (۲۰۱٦-۲۰۱۷) وەکو خۆى دەمینێتەوە واتە لە سەرەتاى مانگى (۷/تەموز) دەستپێدەکات.

سەبارەت بە پێدانى مۆڵەتى خوێندن لەلایەن وەزارەتەکانەوە، وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاشکرایکرد: کە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بە نوسراوى ڕەسمى داواى لە سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران کردوە گشتاندنێک بۆ سەرجەم وەزارەتەکان بکات بۆ پێدانى لاری نەبوون بۆ پێدانى مۆڵەتى خوێندن لە ناوەوەى هەرێم لەلایەن وەزارەتەکان بەپێى پلان و پێویستى خۆیان، تا ئەوکاتەى پەیڕەوى تایبەت بەمۆڵەتى خوێندن لەلایەن سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران دەردەچێ.