University of Raparin Logo

مامۆستایەکی زانکۆی راپەڕین لە ھەنگاریا خەڵاتی باشترین توێژینەوەی زانستی پێدرا

چاپکردن ئیمەیڵ

راگەیاندنی زانکۆ

ئەمڕۆ ٥ی ئایاری ٢٠١٧، لە وڵاتی هەنگاریا خەڵاتی ئەنجامدانی باشترین توێژینەوەی بەخشرا بە (پەیمان رمضان احمد) مامۆستا لە زانکۆی راپەڕین، خەڵاتەکە لە چوارچێوەی کۆنفڕانسی (ناوەند و خۆرھەڵاتی ئەوروپا بۆ دیموکراسی ئەلیکترۆنی و حکومەتی ئەلیکترۆنی) (Central and Eastern European e|Dem and e|Gov Days ٢٠١٧) کە رۆژانی (٤-٥ی ئایاری ٢٠١٧) لەشاری بوداپێست لەوڵاتی ھەنگاریا بەڕێوەچوو.

"پەیمان رەمەزان"خوێندکاری دکتۆرایە لە زانکۆی نیشتیمانی ھەنگاریا لە بوداپێست، بەناوی زانکۆی راپەڕینەوە بەشداری کردووە لە کۆنفڕانسی (Eastern European e|Dem and e|Gov Days ٢٠١٧)، ناوبراو بەماڵپەڕی زانکۆی راپەڕینی راگەیاند: ئەم کۆنفڕانسە ساڵانە بەھاوبەشی زانکۆی نیشتمانی ھەنگاریا و زانکۆی ئەندڕاشی لەبوداپێست و چەند ناوەندێکی تری توێژینەوەی زانستی لەئەوروپا ئەنجامدەدرێت. وتیشی: لەکۆنفڕانسەکەدا تەنیا سێ خەڵات دەبەخشرێن، بۆ ئەمساڵ یەکێک لە سێ خەڵاتەکە بەخشرا بەتوێژینەوەکەم، کە بە ناونیشانی (corruption in the extractive industry sector reinventing trusted governance "Iraqi Case') ئەنجامم داوە.

باسی لەوەشکرد کە خەڵاتەکان بەپێی دەنگدانی بەشداربووان بەخشراون، لەناو (٤٦) توێژینەوەی وڵاتە جیاوازەکان تەنیا (٣) توێژینەوە ھەڵبژێردران، توێژینەوەکەم بە ۳۰٪ دەنگەکان و بەدەستهێنانی زۆرینەی دەنگی بەشداربووانی کۆنفرانسەکە وەک باشترین توێژینەوەی زانستی لە کۆنفرانسەکەدا دیاریکرا.