نمرەى دەرچووانى پۆلى دوانزەى ئامادەیی بەهەرسێ بەشى زانستى و وێژەیى و پیشەیى کە ژمارەیان (47629) دەرچووە لەلایەن وەزارەتى پەروەردە ڕادەستى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرا بەمەبەستى کارکردن لەسەریان لەچوارچێوەى سیستمى زانکۆلاین بۆ خوێندن لەزانکۆ و پەیمانگەکان.
ئەمڕۆ دوو شەممە ڕێکەوتى (28/8/2023) د.ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پێشوازى لە د.ئالان حەمە سعید صاڵح وەزیرى پەروەردە و شاندێکى یاوەرى کرد کە پێکهاتبوون لە بریکار و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرانى گشتى لە وەزارەتى پەروەردە. لە کۆبوونەوەیەکدا کە ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئامادەی بوون.
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەستخۆشى لە ستافى وەزارەتى پەروەردە کرد لەبەرامبەر باش بەڕێوەبردنى پڕۆسەى ئەزمونە گشتیەکانى قۆناغى دوانزەى ئامادەیى بەهەموو بەشەکانیەوە، هاوکات پیرۆزبایى لەدەرچووانى ئەمساڵى خوێندن کرد و هیواى سەرکەوتنى بۆ قوتابیان و خوێندکاران خواست، لەو چوارچێوەیەشدا د.ئارام محمد قادر ڕایگەیاند: لەمڕۆ بەدواوە ئەنجامى تاقیکردنەوە گشتیەکان کە لەلایەن وەزارەتى پەروەردەوە ئاراستەى ئێمە کراون کارییان لەسەر دەکرێت و ئامادەکارییەکان دەست پێدەکرێن بۆ ئەوەى لە زوترین کات پرۆسەى پێشکەش کردن بۆ زانکۆکان لەڕێگەى سیستمى زانکۆلاینەوە دەست پێ بکات.
لەلایەن خۆشیەوە ئالان حەمە سعید صاڵح وەزیرى پەروەردە لەپاڵ خستنەڕوى داتاکان و وردەکارى ژمارەى قوتابیان و خوێندکاران، ئاماژەى بەسەرکەوتنى پڕۆسەى ئەزمونەکانى دوانزەى ئامادەیى بەسەرجەم بەشەکان کرد و ئەو میکانیزمانەى شیکردەوە کە وەزارەتەکەى بۆ پڕۆسەى ئەزمونە گشتیەکان جێبەجێ کردون.
لەبەشێکى دیکەى کۆبوونەوەکە بەڕێوەبەرایەتى ئەزمونەکانى وەزارەتى پەروەردە کۆى داتاو ئامارەکانى قوتابى و خوێندکارانى پۆلى دوانزەى ئامادەیى بە زانستى و وێژەیى و پیشەیى لەساڵى خوێندنى (2022-2023) خستەڕو هاوکات ژمارەى دەرچووانى بەشەکانى زانستى و وێژەیى و پیشەییەکان و ڕێژەى نمرەى بەدەستهاتوی قوتابى و خوێندکاران خرانەڕو، بۆ ئەوەش بەشداربووانى کۆبوونەوەکە هەڵسەنگاندێکى وردیان لەبارەى ڕێژەى دەرچوان و میکانیزمى تەرخان کردنى کوررسى خوێندن لەزانکۆ و پەیمانگەکان کرد.
هەماهەنگى کارى هەردو وەزارەت بەشێکى دیکەى تەوەرەکانى کۆبوونەوەکە بوون بەتایبەت بەشدارى مامۆستایان لە پڕۆژەى پێداگۆجى و کردنەوەى خولى ڕاهێنان بۆ مامۆستایانى وەزارەتى پەروەردە لەزانکۆکانى هەرێمى کوردستان و کردنەوەى پەیمانگەى پیشەیی و پەرەپێدانى خوێندنى پیشەیى بەپێى پێویستى بازاڕى کارى هەرێمى کوردستان.لەو چوارچێوەیەدا هەردولا جەختیان لە گرنگى هاوکارى و هەماهەنگى لەنێوان هەردو وەزارەت کردەوە بۆ ئەوەش ڕاگەیەندرا کە لەداهاتو میکانیزمێک دروست دەکرێت بەمەبەستى هەماهەنگى کارکردن بۆ جێبەجێ کردنى پڕۆژەکان.