زانیاری دەربارەی پرۆگرامەکە: پرۆگرامی سەردانیکردنی فولبرایت ، هەل دەرەخسێنێت بۆ ٢٥ فێرخوازی عێراقی تا لەو رێگەیەوە پەرە بە تواناکانیان بدەن لە بوارەکانی پەرەسەندنی کۆلێژ ، رابەرایەتی و چالاکی ئالوگۆری کەلتوری لە دامەزراوەکانی ئەمریکا، لە بەرواری ٣٠ -٦ تا ٨-٩ ساڵی ٢٠١٨، چوار گرووپ کە هەریەکەیان پێک دێن لە پێنج فێرخواز، لە یەکێک لە دامەزراوەکانی ئەمریکا (١٠) هەفتە بەسەر دەبەن کە تیایدا ئاشنا دەکرێن بە میتۆدە نوێیەکانی فێرکردن و لێکۆڵینەوە، رێکخستنی هۆڵ، ئامادەبوون لە سێمینار و پەرەپێدانی پەیوەندی لەگەڵ فاکەڵتی و دامەزراوەکانی ئەمریکیا لە ڕێگەی دانیشتنی هەفتانەوە.پرۆگرامەکە هیچ هەلێک نارەخسێنێت وە جێگایەکیش نیە بۆ لێکۆڵینەوەی تاکە کەسی.
ئەنجامی وەرگرتنى خوێندکاران لەڕێگەى (زانكۆلاین) ڕاگەیەنرا
بۆ ساڵی خوێندنى (٢٠١٧-٢٠١٨) لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان دا (٧٢٧٣) خوێندكار لەڕێگەى (زانکۆلاین) وەرگیران.
عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەنجامی وەرگرتنی خوێندكارانی پۆلی دوانزەی ئامادەیی لە زانكۆ و پەیمانگەكان لەڕێگەى زانكۆلاین ڕاگەیاندو وتی: وەزارەتەکەمان ماوەیەكە بەچڕی و ورد كار بۆ وەرگرتنی خوێندكاران لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان دەكات.
لەو چوارچێوەیەشدا ئەمساڵ دەرچووانى خولى يەکەم و دوەمى قۆناخى (١٢)ی ئامادەیی لە ڕێگەی (زانكۆلاین)ەوە فۆرمی وەرگرتنیان لە زانكۆ و پەیمانگەكان پێشكەش كرد، بۆ ئەمەش (٧٢٧٣) خوێندكار لە زانكۆ و پەیمانگە حكومیەكان بەڕێگەى (زانکۆلاین) بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠١٧-٢٠١٨) وەرگیران، جگە لەوەی كە (١٨٤٣٧) خوێندکارى دیکە بەڕێگەى سیستمى ڕاستەوخۆى زانکۆیى لە زانکۆ و پەیمانگەکان وەرگیراون.
ڕێوڕەسمی شەشەمین خولی دەرچووانی زانکۆی ڕاپەڕین بەڕێوەچوو
لە ژێر دروشمی (بەرەو ئایندەیەكی رۆشنتر)، زانکۆی ڕاپەڕین ڕێوڕەسمی شەشەمین خولی دەرچووانی بۆ (٩٥٣) خوێندکاری دەرچوو لە (١٦) بەشی زانکۆ سازکرد.
ڕێوڕەسمەکە بە ساتێک وەستانی وەفاداری بۆ ڕوحی پاکی ڕابەری نەتەوەی کورد فەخامەتی سەرۆک مام جەلال و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری کوردستان دەستیپێکرد.
پاشان چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز بەدەنگی مامۆستا (عبدالرحمن عزیز) خوێندرایەوە .
دواتر پ.ی.د هێرش رسول مراد سەرۆکی لیژنەی باڵای ئاھەنگی دەرچووان وتەیەکی پێشکەش کرد، تیایدا بە گەرمی بەخێرھاتنی سەرجەم مامۆستایان و خوێندکاران و میوانەکانی کرد، پیرۆزبایی پێشکەشی سەرجەمی خوێندکارانی دەرچووی کرد. وتیشی: لە ئێستادا هەرێمی کوردستان بە قۆناغێکی زۆر هەستییاری مێژوییدا تێپەڕدەبێت. پێشمەرگە لەخۆبردوەکانمان هێشتا لە سەنگەری روبەڕوبونەوەی تاریکترین ھێزی سەردەمدان، ھاوکات گیانی بەرزەفڕی شەھیدانیشمان پەپولەئاسا بەسەر سەرمانەوەن، چونکە ئەوە قوربانی و ئازایەتیی ئەوانە، کە بون و ئاسایشمانی پاراستوە.
بۆ خوێندنەوەی تەواوی دەقی وتەی د.هێرش رسول سەرۆکی لیژنەی باڵای ئاھەنگی دەرچووان کلیک بکە
پاشان د.موفق خالید ابراهیم سەرۆکی زانکۆی ڕاپەڕین لە وتەیەکدا وێڕای بەخیرهاتنی گشت ئامادەبووان، بە پێویستی دەزانین سەری رێز بۆ گیانی پاكی فەخامەتی سەرۆك مام جەلال و سەرجەم شەهیدانی رێگای رزگاری كوردستان دانەوێنین، و رێز لە قوربانیدان و ماندووبونی برا پێشمەرگەكانمان بگرین، ئەم دەستكەوتانەی هاتونەتە دەست بەرهەمی قوربانیدانی ئەوانە، بۆیە لێرەوە بەڵێن دەدەین كە لەئاست نەبەردی و قوربانیدان و فیداكاری برا پێشمەرگەكانماندا بین.
لە درێژەی وتەکەیدا بۆ خوێندکاران د.موفەق خالید ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، لەمڕۆوە سەرەتایەكی تازە دەستپێدەكات بۆ دەرچووانی ئەم خولە كە دەتوانن درێژە بەرەوتی خوێندن و كاركردن بدەن و بەشێكی دانەبڕاو و كاریگەربن لەهێنانەدی خەونی خۆتان و خانەوادەو گەلەكەتان.
وتیشی: خۆشبەختانە زانكۆی راپەڕین، هاوشێوەی زانكۆكانی كوردستان، سەرەڕای هەموو ئەو قەیرانە ناوخۆیی و هەرێمیانەی رووبەروی كوردستان و عێراق و ناوچەكە بۆتەوەو لەبارودۆخێكی ئابوری و ئەمنی ناهەمواردا ماوەی چەند ساڵێكە گوزەردەكەین سەركەوتوانە پەرەی بەپڕۆسەی خوێندن و فێركردن داوە، لێرەوە سوپاسی بێپایانی سەرۆكایەتی زانكۆ ئاڕاستەی سەرجەم مامۆستاو فەرمانبەرانی زانكۆمان دەكەین كە لەخۆبوردوانە بەردەوامیان داوە بەخزمەتكردن و نەیانهێشتووە پڕۆسەی خوێندن و فێركردن لەزانكۆمان پەكی بكەوێت، هەروەك سوپاسی خوێندكارانی ئازیزیش دەكەین كە هەمیشەو لەهەموو ئان و ساتێكدا هاوكاربوون لەگەڵ مامۆستایان و بەشە زانستیەكاندا.
بۆ خوێندنەوەی تەواوی دەقی وتەی د.موفق خالید سەرۆکی زانکۆی ڕاپەڕین لێرە کلیک بکە
دواتر بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە ١٦ بەش و پسپۆڕی جیاواز بەخشرایە ٩٥٣ خوێندکاری دەرچووی زانکۆی ڕاپەڕین لە کۆلێژەکانی (پەرستاری ، زانست ، پەروەردەی بنەرەت ، زانستەمرۆڤایەتییەکان ، کۆلێژی پەروەردە/قەڵادزێ ).
جێی ئاماژەیە زانکۆی ڕاپەڕین لە پێنج کۆلێژ و سێ بەشی زانستی و پێکدێت، زیاتر لە (٥٠٠٠) خوێندکاری لە سەرجەم قۆناغەکاندا هەیە ، لە شەش خولی دەرچووانیدا بڕوانامەی بەکالۆریۆسی بە زیاتر لە (٣٠٥٣) خوێندکار لەپسپۆڕییە جیاوازەکان بەخشیوە.