میوانە بەڕێزەکان..
مامۆستاو فەرمانبەرانی زانکۆمان..
خوێندکارانی ئازیز..
بەناوی ئەنجومەنی زانکۆی ڕاپەڕینەوە بەخێرھاتنی گەرمتان دەکەین و سەری رێز بۆ گیانی پاکی فەخامەتی سەرۆک مام جەلال و سەرجەم شەھیدانی رێگای رزگاری کوردستان دادەنەوێنین، و رێز لە قوربانیدان و ماندووبونی برا پێشمەرگەکانمان دەگرین، ئەم دەستکەوتانەی ھاتونەتە دەست بەرھەمی قوربانیدانی ئەوانە، بۆیە لێرەوە بەڵێن دەدەین کە لەئاست نەبەردی و قوربانیدان و فیداکاری ئەواندا بین.
بەڕێزان ئەمڕۆ رۆژێکی گرنگ و مێژووییە بۆ زانکۆمان و دەڤەری راپەڕین، کە سەرکەوتوانە ئاھەنگی دەرچووانی خولی شەشەم بۆ پۆلێکی تر لەخوێندکارانی سەرکەوتوو دەگێڕین کە بەرھەمی چەندین ساڵەی شەونخونی دەرچووان و خانەوادەکانیانە. لەمڕۆوە سەرەتایەکی تازە دەستپێدەکات بۆ دەرچووانی ئەم خولە کە دەتوانن درێژە بەرەوتی خوێندن و کارکردن بدەن و بەشێکی دانەبڕاو و کاریگەربن لەھێنانەدی خەونی خۆتان و خانەوادەو گەلەکەتان.
زانکۆمان، ھاوشێوەی زانکۆکانی کوردستان، سەرەڕای ھەموو ئەو قەیرانە ناوخۆیی و ھەرێمیانەی رووبەروی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بۆتەوەو لەبارودۆخێکی ئابوری و ئەمنی ناھەمواردا ماوەی چەند ساڵێکە گوزەردەکەین، سەرکەوتوانە پەرەی بەپڕۆسەی خوێندن و فێرکردن و چالاکیە زانستیەکانی ترداوە، لێرەوە سوپاسی بێپایانی سەرۆکایەتی زانکۆ ئاڕاستەی سەرجەم مامۆستاو فەرمانبەران دەکەین کە لەخۆبوردوانە بەردەوامیان داوە بەخزمەتکردن و نەیانھێشتووە پڕۆسەی خوێندن و فێرکردن لەزانکۆمان پەکی بکەوێت. ھەروەک سوپاسی خوێندکارانی ئازیزیش دەکەین کە ھەمیشەو بە گیانی بەرپرسیاریێتی ھاوکاربوون لەگەڵ مامۆستایان و بەشە زانستیەکاندا.
زانکۆکەتان لەئێستادا لەرووی ژێرخانی تەلارسازییەوە پێشکەوتنی زۆری بەخۆیەوە بینیوەو خاوەنی چەندین باڵەخانەی مۆدێرن و سەردەمیەو لە نێوانیشیاندا میوانخانەو چوار بەشی ناوخۆیی بۆ خوێندکاران، جگە لەوەی لەزانکۆماندا گرنگی زۆر دراوە بەگەشەپێدانی ژینگەی خوێندن بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان، لە ھەولڕەکانیشمان بەردەوام دەبین بۆ زیاتر گەشەپێدانی ھەمەلایەنەی ئەم ناوەندە گرنگە.
ھەروەک زانکۆی راپەڕین بەبەراورد بەتەمەنی کە یەکێکە لەگەنجترین زانکۆکانی کوردستان و عێراق گەشەی زۆرو پێشکەوتنی زانستی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە و ریزبەندیمان لەسەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەوە لەئاستێکی باشدایە ، ھەروەھا توانراوە زانکۆمان بخرێتە ناو پۆرتاڵی یونیسکۆو جگەلەوەش لەئێستادا زانکۆی راپەڕین ئەندامی ھەمیشەیی یەکێتی زانکۆکانی جیھان و ئەندامی یەکێتی زانکۆکانی ئۆراسیایە کە دوو رێکخراوی گرنگی نێودەوڵەتی زانکۆکانن و بەھەزاران زانکۆی رانک بەرز ئەندامێتیان ھەیە. لەگەڵ ئەوەشدا زانکۆی راپەڕین یاداشتی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ چەندین زانکۆو دامەزراوەی خوێندنی باڵا لەسەر ئاستی ناوخۆیی و ھەرێمی و نێودەوڵەتی واژۆ کردووە. ھەروەھا بەشداریمان کردووە لەچەندین پڕۆژەی نێودەوڵەتی لەوانە پڕۆژەکانی ( ئایرێکسی ئەمریکی، دادی ئەڵمانی، ئیراسمۆس مەندۆسی یەکێتی ئەوروپا)، لێرەشەوە رایدەگەیەنین کە لەئێستادا زانکۆی راپەڕین دوو گرانتی گرنگی لەپڕۆژەی ئیراسمۆس پڵەس بەدەستھێناوەو لەئایندەیەکی نزیکدا دەخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە ئەوەش لەپێناوی زیاتر سودگەیاندن بە خوێندکاران و ستاف و مامۆستایان کە لەساڵانی رابردوودا بەدەیان خوێندکارو فەرمانبەرو مامۆستا لەسەر ئەم پڕۆژانە رەوانەی زانکۆ ئاست بەرزەکانی ئەوروپاو ئەمریکا کراون بەمەستی پڕۆگرامی ئاڵوگۆڕی ستاف و تەواوکردنی خوێندنی بەرایی و خوێندنی باڵا. لەم بوارانەی کە ئاماژەمان پێدا ھەمیشە چاومان لەوەیە بەرەو باشتر بڕۆین و ھەنگاوەکانمان خێراتر بکەین.
بەڕێزان.. لەکاتێکدا کوردستان رووبەڕووی چەندین قەیران وەستاوە، بەڵام رووداوە گەورەو مێژووییەکانی سنورەکە وەک رزگارکردنەوەی موسڵ و ناوچەکانی ترو تێکشکاندن و کەوتنی گروپی تێرۆریستی داعش بەھاوکاری برا پێشمەرگەکانمان و ئەنجامدانی ریفراندۆمی (٢٥)ی ئەیلول و لێکەوتەکانی و گەلەکۆمەی وڵاتە زل ھێز و ھەرێمایەتییەکان لەسەرسادەترین مافی ئێمە کە بڕیاردانی چارەنوسە، و پاشەکشەی پێشمەرگە لە بەشێک لە ناوچە کوردوستانیە کێشە لەسەرەکان جگە لەوەی ھەمومانی نیگەران کردوە بوەتە مایەی کێشمە کێشمی ناوخۆییش، کە ئەم ڕوداوە ئەرکی سەرشانی ھەمومان قورستر دەکات واپێویست دەکات ھەمومان بەشێک بین لە بنیاتنانەوەی ھێمنی لە نێوان لایەنە سیاسیەکان ھەرکەسەو بەو شێوازەی کە بۆی گونجاوە وە بەھەموو شێوەیەک خۆمان بەدوربگرین لە خۆشکردنی ئاگری دوبەرەکی، چونکە ئەم پاشەکشەیە کاتیەو زۆر لەگەلانی دنیا ھەورازی سەختری لەمەی ئێستای ئێمەیان بڕیوە، ئەو ئەمریکایەی کە ئێستا ڕابەرایەتی ھەموو جیھان دەکات، لە ساڵی ١٧٧٥ دا کەشەڕی سەربەخۆیی دەست پێکرد ھیچ کەس پشتیوانی نەکرد، دواتر کە شەڕەکەی بردەوە ژمارەی دانیشتوانی تەنیا چوار ملیۆن و ڕوبەرەکەشی تەنیا چواردە ولایەت بوو، بەڵام بەدان بەخۆداگرتنیان و پلانی ڕاست و دروستیان کردنی بەو ئەمریکایەی ئەمڕۆ.
خوێندکارانی ئازیز، ئێوە بە فعلی سەرکردەی گەنجی ئەم وڵاتەن و پێویستە بە زانست و زانیاریتان ھەرکەسەو بە پێی پسپۆری خۆی ھەولڕ بدات، گیانی داھێنان و بەرەو پێشچون پەرەپێبدات و چاوی لەوەبێت خۆی و وڵاتەکەشی بباتە قۆناغێکی تر و نزیکتری بکاتەوە لە ئامانجەکانی.
لە کۆتاییدا دوبارە پیرۆزبایی لە خۆێندکارانی خۆشەویست و کەس و کاری سەربەرزیان و خۆشمان دەکەین، بەوەی کە ئەم پۆلە لە ھەڵگرانی چرای زانست ئەمڕۆ بڕوانامەی بکالوریۆسیان پێ دەبەخشرێت ھەریەکەو لە پسپۆری خۆی.
ھەردەم شاد و سەرکەوتوبن
