University of Raparin Logo

وتەی د.هێرش رسول مراد سەرۆکی لیژنەی باڵای ئاھەنگی دەرچووان

چاپکردن ئیمەیڵ

دەرچووانی ئازیزی شەشەمین خولی زانکۆمان..

کەسوکاری خۆشەویستی دەرچووان..

مامۆستا و فەرمانبەرانی دڵسۆز.. ئامادەبووانی بەڕێز..

لە دەستپێکدا، بە ناوی سەرۆکایەتیی زانکۆی راپەڕین و لیژنەی باڵای ئاھەنگی شەشەمین خولی دەرچوانی زانکۆمانەوە، بە گەرمی بەخێرھاتنی ھەمولایەکتان دەکەین. وەکچۆن رازاوەترین چەپکەگوڵی پیرۆزبایی پێشکەشی سەرجەمی خوێندکارانی دەرچو و دایک و باوکی خۆشەویستییان دەکەین. بە پێویستیشی دەزانین، پیرۆزبایی و دەستخۆشیی تایبەت ئاراستەی مامۆستایانی دڵسۆز و ستافی کارگێڕیی زانکۆمان بکەین، کە سەرەڕای تەنگژەی دارایی و خراپیی باروگوزەران و بونی ئاستەنگە جیاوازەکانی بەردەم پرۆسەی خوێندن، لە ماوەی ئەو چەند ساڵەی خوێندندا، بەوپەڕی ھەستکردن بە بەرپرسیارێتییەوە و بە ھاوکاریی خوێندکاران و کەسوکارییان، توانیویانە خزمەتی بەرچاو بە رەوتی زانست و زانین بکەن، و ئەو پۆلە لە دەرچوان پێشکەشی نیشتمان و کۆمەڵ بکەن. هەر لەو سۆنگەیەشەوە، داواکارین حکومەتی ھەرێمی کوردستان، ئەرک و خزمەتی مامۆستا و فەرمانبەران بەھەندوەربگرێ و ھەوڵی جددی بدات بۆ چاککردنی گوزەرانییان. هاوکات، دامەزراندن، یان رەخساندنی هەلیکاری پێویست بۆ دەرچوانیش.

میوانانی بەڕێز.. دروشمی شەشەمین خولی دەرچوانی زانکۆمان، بریتییە لە (بەرەو ئایندەیەکی رۆشنتر)، ئەمەش لەو تێڕوانینە زانستی و مەعریفییەوە سەرچاوەدەگرێ، کەوا کاتێک بانگهێشتی خوێندکارانمان کرد بۆ درێژەدان بە خوێندنی زانکۆییان، (زانکۆی راپەڕین) هەڵبژێرن، پێمانگوتن (ئایندەتان رۆشن بکەنەوە)، ئێستاش دوای چوار ساڵ خوێندن و وەرگرتنی زانست و زانینی تایبەت بە پسپۆڕییەکانییان، بڕوامانوایە، بەرەو ئایندەیەکی رۆشنتر هەنگاودەنێن، لەمەشەوە، خۆرێکی گەش لە ئاسۆی نیشتماندا بەدیدەکەین.

 ئێستاش، وڵاتەکەمان بە قۆناغێکی زۆر هەستییاری مێژوییدا تێپەڕدەبێت. پێشمەرگە لەخۆبردوەکانمان هێشتا لە سەنگەری روبەڕوبونەوەی تاریکترین ھێزی سەردەمدان، ھاوکات گیانی بەرزەفڕی شەھیدانیشمان پەپولەئاسا بەسەر سەرمانەوەن، چونکە ئەوە قوربانی و ئازایەتیی ئەوانە، کە بون و ئاسایشمانی پاراستوە.

هەروا، لە چەند رۆژی رابردودا، سەرۆک مام جەلال، خەمخۆری زانست و خوێندن و پەروەردە ژیانئاوایی لێکردین، کەوا پشتیوان و هاوکاری دڵسۆزی زانکۆمان و سەرجەم زانکۆ و پەیمانگاکان، و رەوتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بو لە کوردستاندا، بۆیە جێی خۆیەتی لەم بۆنەیەدا، سڵاو بۆ رۆحی زیندوی (مام) و سەرجەمی رێبوارانی رێگەی خەبات و خزمەتکردنی نیشتمان، بنێرین. ھەر لێرەشەوە، سوپاسی ھەمو ئەو کەس و لایەنانە دەکەین، کە ھاوکارمان بون بۆ ئەنجامدان و سەرکەوتنی ئەم ئاھەنگە و هەمو پرۆژە و کارەکانی زانکۆی راپەڕین، لە بونی ھەر کەموکوڕییەکیش داوای لێبوردن دەکەین. دوبارە پیرۆزە و بە ھیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی زیاتر.

پ.ی.د. ھێرش رەسوڵ موراد

یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری خوێندکاران/ سەرۆکی لیژنەی باڵای ئاھەنگی دەرچوان
٢٠١٧/١٠/٢٢