ئنستیتیوتی کەلەپووری کورد بەھاوکاری زانکۆی راپەڕین فێستیڤاڵ و سیمیناری کەلتوری رێکخست.
ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠١٧/١٢/١٢، لە هۆڵی چالاکییەکانی زانکۆ، ئنستیتیوتی کەلەپووری کورد بەھاوکاری زانکۆی راپەڕین فێستیڤاڵ و سیمیناری کەلتوری رێکخست.
فێستیڤاڵەکە لەکاتژمێر (١٠)ی سەرلەبەیانی دەستپێکرد، کە تیایدا پێشانگایەک بۆ کتێب و بەرھەمەکانی (دەنگ و رەنگ) کرایەوە، ھەروەھا چەندین بەرهەمی کلیپ و گۆرانی و میوزیکی رەسەنی کوردی لە پێشانگاکەدا نمایشکران.
دەستپێکی فێستیڤاڵەکە بە ساتێک وەستانی وەفاداری بۆ گیانی شەهیدان لەگەل سروودی نیشتمانی ئەی رەقیب دەستیپێکرد.
دواتر د.موفق خالید ابراهیم سەرۆکی زانکۆی ڕاپەڕین وتەیەکی پێشکەشکرد، تیایدا بەخێرهاتنی گەرمی مامۆستای مەزن مەزهەری خالقی و میوانانی ئنستیتیوت و سەرجەم ئامادەبووانی کرد و دەستخۆشی لە ڕێکخەرانی فێستیڤاڵەکە کرد، وتیشی ئاشکرایە هەر نەتەوەیەک ناسنامە کلتورییەکەیەتی کە پێی لە گەلانی تر جیا دەکرێتەوە، سەرەڕای ئەوەی لە هەندێ بنەما و هێڵی گشتیدا هاوبەشن یاخود لەیەکەوە نزیکن بەڵام ئەم نزیکییە ناکاتە ئەوەی کە جیاوازییەکان بسڕدرێنەوە، هەر گەلێکیش خاوەنی کلتووری تایبەتی خۆیەتی کە حەقی خۆیەتی پارێزگاری لێبکات و گەشەی پێبدات و پیشانی جیهانی بدات، لە وتەکەیدا د.موفق خالید ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کارکردن لە بواری کەلەپوور و کۆکردنەوەی بۆ گەلی کورد جیاواز لە هەر گەلێکی دیکەی قورسترە ئەویش بەهۆی ئەو شەڕ و داگیرکاریەی کە بە درێژایی مێژوو ڕووبەڕووی کورد بووەتەوە، وتیشی هیوادارم بەم چالاکییەمان بتوانین خزمەتێک بە بواری کەلەپووری کوردی بکەین.
پاشان مامۆستا خەلیل عبداللە بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ڕۆشنبیری لاوان وتەیەکی پێشکەشکرد، تیایدا بە ناوی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانەوە سوپاسی هەریەک لە ئنستیتیوتی کەلەپووری کورد و سەرۆکایەتی زانکۆی راپەڕینی کرد بۆ سازدانی فێستیڤاڵە کەلەپووریەکە، وتیشی پرسی کەلتوور پرسێکی گرنگە و بە پایەیەکی شارستانی و ناسنامەی گەلان دادەنرێت و هەروەک پێداویستییەکی ژیاری و جیهانییە بۆ پەروەردەکردنی تاک، وتیشی ئێمە وەک وەزارەتی ڕۆشبیری و لاوان ناتوانین بە تەنیا گەشە بە بواری کەلەپووری کوردی بدەین بۆ ئەوەش پێویستمان بە دامەزراوە کەلتووری و زانستی و ڕۆشبیرییەکان و ڕێکخراوەکانە، لە کۆتایی وتەکەیدا دەستخۆشی لە ستافی ڕێکخەرانی فێستیڤالەکە کرد.
دواتر کۆڕێک دەربارەی (کەلتوری کورد لەکۆڕێکی شارەزایاندا) بۆ ھەریەک لە بەڕێزان (مەزھەری خالقی، د.محمد دلێر ، م. مستەفای سەید مینە) بەڕێوەدەچوو.
ھەر لەفێستیڤاڵەکەدا پێشانگایەکی فۆتۆگرافی دەربارەی (جوانی کەلتور لە ژیانی کوردەواریدا) و (مێژووی رۆژھەڵاتی کوردستان لە ١٨٧٥)دا کرایەوە، دواتر فیلمێکی بەڵگەنامەیی نمایشکرا.