ڕۆژی یەک شەممە ڕێکەوتی ۳ی ئەیلولی ۲۰۱۷، شاندێکی زانکۆی ڕاپەڕین و نوێنەری وەزارەتی خوێندنی باڵا، بە سەردانێک گەیشتنە زانکۆی کورستان لە شاری سنە لە وڵاتی ئێران.
شاندەکەی زانکۆ بەسەرۆکایەتی پڕۆفیسۆر د.صباح ڕەشید یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا، بە ئامادەبوونی پڕۆفیسۆری یاریدەدەر د.محمد سابر بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ڕاگری بەشێک لە کۆلێژەکانی زانکۆ و بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان سەرۆکی بەشەکانی باخداری و سامانی ئاژەڵ و لێپرسراوی هۆبەی خوێندنی باڵا.
دەربارەی سەردانەکەیان بۆ زانکۆی کورسستان پ.د. صباح ڕەشید سەرۆکی شاندەکە بە ماڵپەڕی زانکۆی ڕاگەیاند: لە سەردانەکەماندا بۆ زانکۆی کوردستان لە شاری سنە لەگەڵ کاربەدەستانی ئەو زانکۆیە کۆبوونەیەکمان ئەنجامدا، لە کۆبوونەوەکەدا چەند تەوەرێکمان باسکرد، گرنگترینیان پڕۆژەی خوێندنی هاوبەش لە نێوان هەردوو زانکۆ بۆ بەشەکانی سامانی ئاژەڵ و باخداری، وابڕیارە پڕۆژەکە لەمساڵی خوێندنی ئەکادیمییەوە بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە و گرنگیەکی ئێجگار زۆری هەیە بۆ زانکۆی ڕاپەڕین، چونکە یەکەم جارە خوێندنی هاوبەش لەگەڵ زانکۆکانی دەرەوە ئەنجام بدرێت.
وتیشی: ناوەڕۆکی پڕۆژەکە بەجۆرێکە کە خوێندکارانی زانکۆمان لە هەردوو بەشی باخداری و سامانی ئاژەڵ ماوەی دوو ساڵی یەکەم واتا قۆناخی یەکەم و دووەم لە زانکۆی ڕاپەڕین بخوێنن و، قۆناخەکانی سێیەم و چوارەم لە زانکۆی کوردستان لە شاری سنە دەخوێنن، شوێنی مانەوەی و خواردن و بیمەیان بۆ دابین دەکرێت و هەمان مامەڵەی خوێندکاری زانکۆی کوردستانیان لەگەڵ دەکرێت لە بەرامبەردا کرێیەکی کەمی خوێندنیان لێ وەردەگیرێت .