لە ڕونکردنەوەیەکدا وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئاگاداری دەرچوانی خولی یەکەمی قۆناخی ١٢ی ئامادەیی دەکات، بەمەبەستی داواکاری پێشکەشکردن لەڕێگەی (زانکۆلاین) بۆ وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان، پێوستە بۆ بەدەستهێنانی ناوی بەکارهێنەر و وشەی تێپەڕ (یوزەیەر نەیم و پاسۆرد) سەردانی قوتابخانەکان بکەن بۆ وەرگرتنەوەی ناوی بەکارهێنەرو وشەی تێپەڕ (یوزەیەر نەیم و پاسۆرد) بەتایبەت ئەوانەی تا ئێستا بەڕێگەی ئەلیکترۆنی ناوی بەکارهێنەر و وشەی تێپەڕیان وەرنەگرتۆتەوە.
سەبارەت بە نەگەیشتنی ناوی بەکارهێنەرو وشەی تێپەڕ بە بەشێک لە دەرچوان لە ڕێگەی کورتەنامەوە، عەباس ئەکرەم وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند هەر دەرچویەکی قۆناخی ١٢ی ئامادەیی ئەگەر تا ئێستا ناوی بەکارهێنەر و وشەی تێپەڕی بەدەست نەگەیشتوە دەتوانی لە ئەمڕۆوە سەردانی قوتابخانەکەی خۆی بکات تا ناوی بەکارهێنەرو وشەی تێپەڕ (یوزەیەر نەیم و پاسۆرد)وەربگرنەوە.
وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەوەشی ڕاگەیاند پێویستە دەرچوانی خولی یەکەمی قۆناخی ١٢ی ئامادەیی پەلە بکەن لە پڕکردنەوەی (زانکۆلاین)، چونکە ماوەی پێشکەشکردن لە سەعات ١٢ی شەوی (٢٠١٧/٩/١٤) کۆتایی دێت.
ڕاگەیاندنی وەزارەتی خوێندنی باڵا