University of Raparin Logo

تاقیکردنەوەی وەرگرتنی خوێندکاران لە بەشە ڕاستەوخۆکانی زانکۆی ڕاپەڕین دەستیپێکرد

ئەمرۆ شەممە ١٦ی ئەیلولی ٢٠١٧ بە مەبەستی وەرگرتنی خوێندکاران لە بەشە ڕاستەوخۆکانی زانکۆی ڕاپەڕین بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠١٧-٢٠١٨)، یەکەم تاقیکردنەوە لە بەشەکانی (مێژوو، پەروەردە و دەرونزانی، سامانی ئاژەڵ) ئەنجامدرا.

تاقیکردنەوەکان بە ئامادەبوونی ڕاگری کۆلێژەکان و لەژێر چاودێری پڕۆفیسۆری یاریدەدەر د.هێرش رسول یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری خوێندکاران لە هەردوو کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکان و کۆلێژی پەروەردە لە زانکۆی ڕاپەڕین بەڕیوەچوون. لە تاقیکردەنەوەکا ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکارانی دەرچووی ١٢ی ئامادەیی بەشداربوون، هەروەک لە ڕۆژانی داهاتوو تاقیکردنەوەکانی خوێندکاران بۆ وەرگرتنیان لە کۆلێژ و بەشەکانی دیکەی زانکۆی ڕاپەڕین بەردەوامییان دەبێت .

درێژەی بابەت

بەشەكانی (سامانی ئاژەڵ، باخداری) لە زانكۆی راپەڕین، دەبنە خوێندنی هاوبەش لەگەڵ (زانكۆی كوردستان/ سنە) و ماوەی پێشكەشكردن بۆیان درێژدەكرێتەوە

راگەیاندنی زانكۆی راپەڕین

زانكۆی راپەڕین، ئاگاداریی دەرچوانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی دەكاتەوە، كە بەپێی رێككەوتنێكی نێوان هەردو زانكۆ، خوێندن لە بەشەكانی (سامانی ئاژەڵ، باخداری) لە زانكۆی راپەڕین لەگەڵ (زانكۆی كوردستان/ سنە) دەبێتە هاوبەش، لەپێناو بەخشینی دەرفەتی زیاتریش بە خوێندكاران بۆ وەرگرتنیان بە سیستمی (راستەوخۆی زانكۆیی)، كاتی پێشكەشكردن ماوەی هەفتەیەك (١٦ – ٢٠١٧/٩/٢١) درێژدەكەینەوە، و هەفتەی دواتریش تاقیكردنەوەكان ئەنجامدەدرێن.
ئەم ئاگادارییە، پاش راستاندنی رێككەوتننامەكەی نێوان هەردو زانكۆ لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، و پەسەندكردنی پێشنیاری زانكۆی راپەڕین دێت لەلایەن فەرمانگەی خوێندن و پلاندانان و بەدواچون-ەوە، بۆ درێژكردنەوەی ماوەی پێشكەشكردن و كاتی تاقیكردنەوەكان.
سەبارەت، بەو خوێندنە هاوبەشەش، رۆژی (٢٠١٧/٩/١٢) لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا، پ. د. سەباح رەشید یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی راپەڕین، بۆ كاروباری زانستیی و خوێندنی باڵا رونیكردەوە، كە دوای سەردانی وەفدێكی زانكۆی راپەرین بۆ زانكۆی كوردستان لە شاری سنە دواجار توانرا گرێبەستێك ئیمزابكرێت تا خوێندكاران لەرێگەی زانكۆی راپەرینەوە بتوانن لەزانكۆی كوردستان درێژە بەخوێندن بدەن. جێگری سەرۆكی زانكۆی راپەرین راشیگەیاند:، هەرخوێندكارێك لەرێگەی زانكۆی راپەرینەوە لەزانكۆی كوردستان درێژە بەخوێندن بدات لەسەدا پەنجای داشكاندنی لەكرێی خوێندن بۆ دەكرێت. وتیشی: ئەو خوێندكارانە لەهەردوو بەشی (سامانی ئاژەڵ، و باخداری) لەزانكۆی راپەڕین قۆناغەكانی (١ و ٢) لەزانكۆی راپەڕین دەخوێنن و لەماوەی ئەو ساڵانەشدا وانەیەكی زمانی فارسی دەخوێنن بۆئەوەی زمانی فارسی فێرببن و دواتر دەتوانن قۆناغەكانی (٣ و ٤) لەزانكۆی كوردستان/سنە بخوێنن و بڕوانامەكەشیان لەپسپۆڕی ئەندازیاری كشتوكاڵی دەبێت.
لای خۆشیەوە سەرۆكی پێشوی بەشی سامانی ئاژەڵ كە ئەندامی وەفدی زانكۆی راپەڕین بوو م.ی. كریم مولود ئاماژەی بۆ ئەوەكرد كە ڕێككەوتنی خوێندنی هاوبەش لەنێوان هەردوو بەشی سامانی ئاژەڵ و باخداری زانكۆی ڕاپەڕین و زانكۆی كوردستان لەسنە پێكدێ لە پرۆگرامێكی هاوبەش لە وانەكانی هەر چوار قۆناغ ڕێكخراوە كە دووساڵی یەكەم لەزانكۆی ڕاپەڕین و دووساڵی كۆتایی لە زانكۆی كوردستان دەبێت. وتیشی: لەدووساڵی یەكەم لەزانكۆی ڕاپەڕین كۆرسی زمانی فارسی بەخوێندكاران دەدرێت و لە سەرەتای قۆناغی سێهەم لە زانكۆی سنە دوو مانگ كۆرسی زمانی فارسی وەردەگرن.
جەخیتی لەوەشكردەوە كە كرێی خوێندن و شوێنی مانەوەو نان خواردنی نیوەڕڕۆ ئێوارە لەزانكۆی كوردستان نزیكەی (ملیۆنێك و دووسەد هەزار دینار)ە. و ژمارەی خوێندكارانیش بۆهەربەشێك نابێت لە (٤٠) خوێندكار زیاتر بێت. هەروەها ڤیزا خوێندكاران لەلایەن زانكۆی كوردستان بۆ گشت خوێندكاران وەردەگیردرێت. هەروەك وتی: وەرگرتنی خوێندكاران بەسیستەمی ڕاستەوخۆ دەبێت و هەرخوێندكارێكی دەرچووی ٢٠١٦-٢٠١٧ نمرەی پۆلی دوازدەی (٦٥) یان زیاتر بێت دەتوانێت داواكاری پێشكەش بە بەشەكان بكات و بەڵێنامە پڕبكاتەوە كە دەچێت لەزانكۆی كوردستان دووساڵی كۆتایی خوێندن تەواو دەكات.
م.ی. بێریڤان عبدالخالق سەرۆكی بەشی باخداری تەئكیدی لەوەكردەوە كە بەهەمان شێوەی بەشی سامانی ئاژەڵ دەتوانن (٤٠) خوێندكار ساڵانە وەربگرن بۆ بەشە هاوبەشەكەیان لەگەڵ زانكۆی كوردستان لەسنە، هەروەها ئاماژەی بەوەشدا كە خوێدنی دوو ساڵی یەكەم لەبەشەكەیاندا لەزانكۆی راپەڕین بەزمانی ئینگلیزی دەبێت و دوو ساڵی كۆتایی خوێندنەكەش لەزانكۆی كوردستان لەسنە بەزمانی فارسی دەبێت، بۆ ئەو مەبەستەش كۆرسی فێربوونی زمانی فارسی بۆ خوێندكارەكان دەكرێتەوە.