لە درێژەی کار و چالاکییەکای شاندی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە وڵاتێ ئێران، ڕۆژی چوارشەممە ۳ی ئایاری ۲۰۱۷، شاندەکە سەردانی زانکۆی "ئیلام"ی کرد و، لەگەڵ "د. محمد علی اکبری" سەرۆکی زانکۆ و یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ و بەڕێوەبەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی زانکۆکە کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە ھێڵە گشتییەکانی ھەماھەنگی نێوان زانکۆی ئیلام و زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان کرا، دواتر ئەندامانی شاندەکە سەردانی تاقیگە و بەشە جیاجیاکانی زانکۆی ئیلامی کرد.
پاشان لەسەرۆکایەتی زانکۆی ئیلام ئەنجومەنی زانکۆ پێشوازیان لە شاندەکەی هەرێم کرد و چەند تەوەرێکی زانستی و ئەکادیمی گفتوگۆیان لەبارەوە کرا .
وێڕای بەخێرهاتنی شاندەکە لەلایەن سەرۆکی زانکۆی ئیلام، تیشکی خستە سەر پەیوەندییەکانیان لەگەڵ زانکۆکانی کوردستان و عێراق، ئاستەنگەکانی بەردەم پڕۆسەی خوێندن. دواتر "د. نەزاکەت حەمە سعید" ئەندامی شاندەکە سوپاسی میوانداریەکەی کرد و تیشکی خستە سەر ئامانجەکانی سەردانەکە، پاشان ڕاگری فاکەڵتییەکانی زانکۆی ئیلام کورتەیەکیان لە سەر کار و چالاکیەکانیان پێشکەش کرد. پاشان شاندی وەزارەتی خوێندنی باڵا زانیاریان لەسەر زانکۆکانی ھەرێم پێشکەش کرد، سەرەتا "م. ارکان عبداللە محمود" بەزمانی فارسی پریزێنتەیشنێکی لەسەر زانکۆی سلێمانی پێشکەش کرد ، پاشان نوێنەری زانکۆی ڕاپەڕین"د. ڕزگار حاجی ساڵح" بەزمانی ئینگلیزی پوختەیەکی دەربارەی مێژووی دروستبوون و گەشەسەندنی زانستی زانکۆی ڕاپەڕین و ئەندامێتی زانکۆ لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان و بەشە جیاجیاکانی زانکۆ و ئاماری ستافی وانەبێژان و خوێندکارانی پێشکەش کرد.
پاشان سەرۆکی زانکۆی ئیلام هیوای خواست لە داهاتوویەکی نزیکدا یاداشتێکی لێکتێگەشتن لەگەڵ ھەریەک لە زانکۆکانی سلێمانی و ڕاپەڕین واژۆ بکەن، بۆ ئەو مەبەستەش لە ئایندەیەکی نزیکدا سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکات و لە نزیکەوە لەگەڵ سەرۆکایەتی زانکۆکانی ڕاپەڕین و سلێمانی دانیشتن ئەنجام دەدات.
دوای نیوەڕۆی ھەمان ڕۆژ شاندەکە لەگەڵ خوێندکارانی خوێندنی باڵای ھەرێمی کوردستان کە لە زانکۆی ئیلام دەخوێنن کۆبۆونەوە و، گوێیان لە کێشە و گرفتەکانیان گرت و خوێندکاران داوایان کرد یاداشتەکەیان بگەیەنن بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێم، شاندەکە بەڵێنی گەیاندنی داواکارییەکانی خوێندکارانی دا.