بەڕێوەبەرایەتى ڕاگەیاندنى وەزارەت
ئەمڕۆ چوارشەمە ڕێکەوتی (٦-٥-٢٠٢٠) ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەسەرپەرشتى د. ئارام محمد قادر سەرۆکى ئەنجومەن، ئامادەبونی بریکارى وەزارەت و سەرجەم سەرۆک زانکۆکانى کوردستان، کۆبونەوەی ژمارە (٦)ی ساڵی (٢٠٢٠)ی ئاسایی خۆی ئەنجامدا.
لە کۆبونەوەکەدا پرسی خوێندنی ئەلکترۆنی (پاڵپشتیکار) و دەستپێکردنەوەی خوێندنی ئاسایی نێوکامپەس تاوتوێ کرا، بۆ ئەمەش د. ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی تیشکی خستە سەر دوا گۆڕانکارییەکانى ڕەوشی تەندروستی و بارۆدۆخی دارایی هەرێمی کوردستان، لەم سۆنگەیەشەوە ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی جەختی کردەوە کە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران هەرچی زوە هەمو هەوڵەکانی خۆی بخاتە گەڕ بۆ چارەسەرکردنی پرسی دواکەوتنی موچەی مامۆستایان و فەرمانبەران.