وا بڕیارە لەرۆژی (٢/ ٥/ ٢٠٢٠)ەوە خوێندنی ئەلیکترۆنی لە سەرجەم زانكۆو پەیمانگاكانی هەرێمی کوردستان دەست پێبکات، بۆ ئەم مەبەستەش ڕۆژی (٢٣/ ٤/ ٢٠٢٠) بە سەرپەرشتی دەزگای سەرپەرشتی و دڵنیایی جۆری و فەرمانگەی خوێندن و پلاندانان و بەدواداچوون لە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، کۆبوونەوەیەکی ئۆنلاین بۆ یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و بەڕێوەبەرانی بەڕێوەبەرایەتی دڵنیایی جۆری لە زانکۆ حکومیەکان ئەنجامدارا.
د. کمال سمایل محمد بەرزنجی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی دڵنیایی جۆری لە لە زانکۆی ڕاپەڕین بەشداری كۆبونەوەكەی كرد، ناوبراو باسی لەوەكرد كە لە کۆبونەوەکەدا چەند سیمینارێک پێشکەشکران لە سەر چۆنیەتی جێبەجێکردنی ستانداردەکانی دڵنیایی جۆری خوێندنی ئەلیکتڕۆنی و چۆنیەتی سەرپەرشتیکردنی پڕۆسەی خوێندنی ئەلیکترۆنی لەلایەن هەردوو فەرمانگەی ناوبراوی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی کە ئاماژەیان پێدراوە. وتیشی: سیمينارەکان لە ژێر ناونیشانی (E-Learning Quality Assurance)رێكخرابوون.