ئەمڕۆ پێنج شەممە ٣٠ی ئەیلولی ٢٠٢١، بەشی ماتماتیک لە کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەت لە زانکۆی ڕاپەڕین، وێرکشۆپێکی بەناونیشانی (جێبەجێکردنی پڕۆگرامی نوێی خوێندنی بەشی ماتماتیک لە ژێر ڕۆشنایی سیستەمی بۆڵۆنا) ڕێکخست.
لە دەسپێکی وێركشۆپهكهدا، مامۆستا بەشدار عبداللە لە وتەیەکدا: سوپاسی مامۆستایانی بەشی ماتماتیکی کرد، وێڕای دەستخۆشی لە ئامادەکارانی وێرکشۆپەکە و مامۆستایانی پێشکەشکار، ئامانجی وێرکشۆپەکەی بۆ مامۆستایان و ستافی وانەبێژی و لیژنەی زانستی بەشەکە خستەڕوو.
پاشان سێ سیمینار، لە لایەن مامۆستایانی شارەزای پرۆسەی دڵنیایی جۆری و شێوازی خوێندن بە سیستەمی بۆڵۆنا پێشکەشکران، سیمیناری یەکەم لەلایەن د.نەجمەدین محمد سعید بە ناونیشانی (هەژمارکردنی کاتژمێرەکانی هەوڵدانی خوێندکار و ژمارەی یەکەکانی وانەکان و جێگیرکردنی لە کۆرسبوک) پێشکەشکرا، دواتر د.جمال علی عمر دووەم سیمیناری بە ناونیشانی (دەرەنجام و ئاکامەکانی فێربوون لە پڕۆگرامی خوێندندا و کارکردن بۆ بەدەستهێنانیان) پێشکەشکرد، سیمیناری سێیەم و کۆتایی لەلایەن د.کمال سمایل محمد بە ناونیشانی ( پێوەر و ڕێنماییەکانی دڵنیایی جۆری و پەرەپێدانی پڕۆگرامەکانی تایبەت بە سیستەمی بۆڵۆنا) پێشکەشکرا .
بە گفتوگۆی مامۆستایانی بەشی ماتماتیک لەگەڵ پێشکەشکاران لەسەر تەوەر و باسەکان، کۆتایی بە وێرکشۆپەکە هات.
