لە درێژەی کارو چالاکییە زانستییەکانی سەرۆکایەتی زانکۆی ڕاپەڕین، ئەمڕۆ چوار شەممە ٣٠ی حوزەیرانی 2021، بەڕێوەبەرایەتی چالاکی وەرزش و ڕۆشنبیری لە زانکۆی ڕاپەڕین وێرکشۆپێکی زانستی بۆ (گەشەپێدانی وانەی هونەر لە ناوەندەکانی خوێندن) رێكخست.
وتاری دەستپێکی وێرکشۆپەکە لەلایەن بەڕێز د.دارا تۆفیق كاكهامین یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری خوێندکاران پێشکەشکرا، تیایدا باسی لە گرنگی وانەی هونەر هاوتەریب لەگەڵ وانەی فێرکردن لە ناوەندەکانی خوێندندا کرد، هەروەک جەختیشی کردەوە لە پێناو دەرخستنی توانای خوێندکاران لە بوارەکانی هونەر و ێنەکێشان و دەستڕەنگینی و میوزیک پێویستە گرنگی زیاتر بە وانەی هونەر لە ناوەندەکانی خوێندندا بدرێت.
لە وێركشۆپەکەدا دوو پانێڵ بەڕێوەچوون، کە تیایدا سێ سیمینار لەلایەن شارەزایانی بواری هونەری پێشکەشی ئامادەبووان کران .
لە پانێلی یەکەم کە مامۆستا ئەمین خدر احمد سەرپەرشتی بەڕێوەبردنی کرد، دوو سیمینار پێشکەشکران، سیمیناری یەکەم بەناونیشانی (گرنگی وانەی میوزیک لە پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردندا) لەلایەن مامۆستا هەنگاو ئەنوەر محمد شارەزای بواری هونەری میوزیک پێشکەشکرا، پاشان سیمیناری دووەم بەناونیشانی (کاریگەری هونەر لەسەر سایکۆلۆژیای خوێندکار) لەلایەن مامۆستا سوهام حسن محمد پێشکەشکرا.
دواتر لە پانێلی دووەمدا کە لەلایەن مامۆستا هەرێم جمال رشید بەڕێوەبرا، تیایدا سیمینارێک بە ناونیشانی (کاریگەری هونەری شێوەکاری لەسەر خوێندکاران لە ناوەندەکانی خوێندندا) لەلایەن مامۆستا کاروان رشید حسن پێشکەشکرا.
بە گفتوگۆی بەشداربوان و خستنەڕووی سەرەنجی ئامادەبووان كۆتایی بەكارەكانی وێركشۆپەکە هات.