University of Raparin Logo

دوەمین كۆنفڕانسی دیبەیتی ئەكادیمی لەزانكۆی راپەڕین بەڕێوەچو

چاپکردن ئیمەیڵ

ئەمڕۆ یەكشەممە (28 – 2 – 2021) لەهۆڵی چالاكییەكانی زانكۆ بەئامادەبونی (پ.ی.د. موفق خالد ابراهیم) سەرۆكی زانكۆی راپەڕین و ژمارەیەك لەئەندامانی ئەنجومەن و خوێندكاران و مامۆستایانی هەردو بەشی ئینگلیزی لەكەمپەسی رانیەو قەڵادزێ زانكۆی راپەڕین، دوەمین كۆنفڕانسی دیبەیتی ئەكادیمی بەسەرپەرشتی بەشی ئینگلیزی كۆلێژی پەروەردەی بنەڕەت و هاوبەشی نوێنەرایەتی گشتی خوێندكاران بەڕێوەچو.

سەرەتا (پ.ی.د. رزگار حاجی صاڵح) راگری كۆلێژی پەروەردەی بنەڕەت، وتاری راگرایەتی پێشكەشكردو تیایدا باسی لەگرنگی كۆنفڕانسەكە كرد كە فاكتەرێكی گرنگ دەبێت بۆ هاندانی خوێندكارانی بەشەكانی ئینگلیزی و سەرجەم بەشەكان بۆ گەشەپێدانی توانستی زمانەوانیان.
دواتر (رێبوار رەجەب حەمەد) نوێنەری گشتی خوێندكارانی زانكۆی راپەڕین، وتاری نوێنەرایەتی گشتی خوێندكارانی لەزانكۆی راپەڕین پێشكەشكردو تیایدا باسی لەرۆڵی نوێنەرایەتی گشتی خوێندكاران كردەوە لەرێكخستنی چالاكیە هەمەجۆرەكان و هاوكاریكردن و پشتیوانیكردنی بەردەوامیان بۆ خوێندكاران.
كۆنفڕانسەكە لە (8) پانێل پێكهاتبو، و هەمو قۆناغەكانی بەشەكانی ئینگلیزی لەخوێندنی بەیانیان و ئێواران لەكەمپەسی رانیەو قەڵادزێ بەشداریان تیایدا كرد.
لەكۆتایی كۆنفڕانسەكەشدا وتاری سەرۆكایەتی بەشی ئینگلیزی لەكۆلێژی پەروەردەی بنەڕەت لەلایەن (د. جەمال علی عومەر) پێشكەشكراو تیایدا باسی لەگرنگی كۆنفرانسەكەو چالاكیە زانستییە هاوشێوەكان كرد.