University of Raparin Logo

کرێى خوێندنى پارالێل و ئێواران بۆ سەرجەم قۆناعەکانی خوێندن لەزانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان بە ڕێژەی (٤٥%) کەمکرایەوە

چاپکردن ئیمەیڵ

بەلەبەرچاوگرتنى بارودۆخى دارایى هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، کرێى خوێندنى پارالێل و ئێوارانى لە سەرجەم زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان بەڕێژەى (٤٥%) هاوشێوەى ساڵى ڕابردو بۆ سەرجەم قۆناغەکانى خوێندن کەمکردەوە.

ئەمڕۆ دوشەمە ڕێکەوتى (١٢-١٠-٢٠٢٠) بەسەرپەرشتى د. ئارام محمد قادر سەرۆکى ئەنجومەنى وەزارەت و وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئامادەبونى بریکارى وەزارەت و سەرۆک زانکۆکان و ئەندامانی ئەنجومەنی وەزارەت، کۆبونەوەى ژمارە (١٠)ى ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە هۆڵى کۆبونەوەکانى سێنتەرى رۆشنبیرى و کۆمەڵایەتى زانکۆى سەڵاحەدین بەڕێوەچوو بە ڕەچاوکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکانی تایبەت بە خۆپارێزی و تاکپارێزی.

لە تەوەرى یەکەمى کۆبونەوەکەدا سەبارەت بە کەمکردنەوەى کرێى خوێندنى پارالێل و ئێواران لە زانکۆ حکومییەکان، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: ئامانجى وەزارەتەکەمان لە کەمکردنەوەى کرێى خوێندنى پارالێل و ئێواران لەبەر چاوگرتنى بارى دارایى هاوڵاتیانى کوردستان و ڕەخساندنى هەلى زیاترى خوێندن و پەرەپێدانى تواناکانى گەنجانی هەرێمەکەمانە، لەهەمان کاتدا ئەم هەنگاوە یارمەتیدەر دەبێت لە پاراستنی سەرمایەی نیشتیمانی و بەکارهێنانی لە گەشەپێدانی زانکۆکان و کەرتی گشتی هەرێمی کوردستان.

هاوکات وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند کە لێژنەیەکی وەزاری پێکهێنراوە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ زانکۆ تایبەتەکان تاوەکو هاوشێوەی ساڵی ڕابردو بەشداربن لە کەمکردنەوەی بارگرانی سەرشانی ئەو خێزانانەی کە ڕۆڵەکانیان لە زانکۆ تایبەتەکان دەخوێنن، لەم بارەیەوە وەزیری خوێندنی باڵا سوپاس و پێزانینی ئاراستەی زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان کرد کە ساڵی ڕابردوو بە گیانی لە خۆبردووییەوە بەشداربون لە کەمکردنەوەی کرێی خوێندن.

لە هەنگاوی یەکەمدا ئەنجومەنى وەزارەت دواى گفتوگۆ و ڕا گۆڕینەوە بڕیاریدا بە کەمکردنەوەى ڕێژەى (٤٥%)ى کرێى خوێندنى پارالێل و ئێواران لە ماوەى کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ سەرجەم قۆناغەکانى خوێندن لەزانکۆ و پەیمانگە حکومیەکانى هەرێمى کوردستان هاوشێوەى ساڵى ڕابردو، بڕیارەکەش خوێندنى (دبلۆم، بەکالۆریۆس، ماستەر و دکتۆرا) دەگرێتەوە.

لە تەوەرێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، بۆ جاری دووەم بڕیاریدا بە زیادکردنى ڕێژەیەک لە کورسى خوێندن بۆ پلانی وەرگرتنی کۆلێجەکانی کۆمەڵەی پزیشکی لە زانکۆ حکومیەکانى هەرێمى کوردستان، ئامانج لەم بڕیارەى ئەنجومەنى وەزارەتیش ڕەخساندنى دەرفەتى زیاترە بۆ دەرچوانی سەرکەوتوی قۆناغی ئامادەیی بۆ ئەوەی بتوانن لە کۆلێژەکانی کۆمەڵەی پزیشکی درێژە بدەن هەروەها ئەم بڕیارە کاریگەری دەبێت لەسەر کەمترین کۆنمرەی وەرگرتن لە کۆلێجەکانی کۆمەڵەی پزیشکی لەبەرژەوەندی دەرچوانی ئازیزی پۆلی دوانزەی ئامادەیی، لەهەمان کاتدا هەنگاوێکی گرنگ دەبێت بۆ دابینکردنی پێداویستی توانا مرۆییەکانی کەرتی تەندروستی هەرێمی کوردستان.

لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا چەند بابەت و پرسێکى دیکەى تایبەت بە پرۆسەى خوێندنى ساڵى نوێى (٢٠٢٠-٢٠٢١) و چارەسەرکردنى کێشەو گرفتەکان و دانانى پلان و بەرنامەڕێژى بۆ پێشوازیکردن لە دەرچوانى پۆلى دوانزەى ئامادەیى لە زانکۆ و پەیمانگەکان و چەند بابەتێکى دیکەى زانستى و ئەکادیمى تاوتوێکران.