University of Raparin Logo

مامۆستایەكی زانكۆی ڕاپەرین دوو كتێبی لەبواری جوگرافیادا بڵاوكردنەوە

چاپکردن ئیمەیڵ

پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دكتۆر فاطمە قادر مصطفی مامۆستا لەبەشی جوگرافیا لەكۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەكانی زانكۆی راپەڕین، دوو كتێبی لەبواری زانستی جوگرافیادا بڵاوكردنەوە.

نوسەری كتێبەكان، بەراگەیاندنی زانكۆی راگەیاند: كتێبی یەكەم، كە بەناونیشانی جوگرافیای خزمەتگوزارییە. یەكەم كتێبە بەزمانی كوردی لەبواری جوگرافیای خزمەتگوزاری بڵاوبوبێتەوە، سوودێكی زۆری دەبێت بۆ نوسینی توێژینەوەی زانستی لەقۆناغە جیاجیاكاندا. ئەم پەرتوكە باس لە چەمك و گرنگی و بنەما و تایبەتمەندی و پێشكەوتنەكانی خزمەتگوزاری دەكات، هەروەها ئاراستە و ڕێباز و تیۆرەكانی جوگرافیای خزمەتگوزاری دەخاتەڕوو، لەگەڵ ئاماژەكردن بە پێوەرەكانی پلاندانان و قۆناغەكانی خزمەتگوزاری, وە ئەو گرفتانەی كە ڕووبەروی پلان دانانی خزمەتگوزاری دەبنەوە ڕوون دەكاتەوە. شایەنی باسە ئەم كتێبە هەردوو تەوەری خزمەتگوزاری ژێرخانی و خزمەتگوزاری كۆمەڵایەتی بەوردی باس دەكات. لەگەڵ دابەشبوونی خزمەتگوزاری تەندروستی لەقەزای ڕانیە وتوانستەكەی.
وتیشی: كتێبی دووەم، بەناونیشانی دەروازەیەك بۆ جوگرافیای دانیشتوان و كێشەكانی، نوسراوەو ئەم كتێبە باسی گەشەی دانیشتوان و ڕەهەندی كێشەی دانیشتوان لەجیهان و مەترسی و گرنگی لێكۆڵینەوەكانی دانیشتوان دەكات, هەروەها هاوكێشەكانی دانیشتوان و تەقینەوەی دانیشتوان و ڕەهەندەكانی دەخاتەڕوو, لەگەڵ هۆكارەكانی دابەشبوونی جوگرافی دیاردەی هەژاری لە هـەرێـمی كوردسـتان ‌و عـێراق, لە باسی تر تیشك دەخاتە سەر هۆكارەكانی بێكاری و پیسبوونی ژینگەی شار وكێشەی نیشتەجێبوون, هەروەها باس لە سیاسەتی دانیشتوان جۆر و ئامانجەكانی ئامانجەكانی سیاسیەتی دانیشتوان و پەرەپێدانیان دەكات.
شایەنی باسە نوسەر خاوەنی 11 توێژینەوەی زانستی بڵاوكراوەیە لەبواری جوگرافیا و دوو كتێبى بەچاپ گەیاندوە لەهەمان بوار.