University of Raparin Logo

وتاری سەرۆكی زانكۆ، بۆ ساڵیادی راپەڕین و كارەساتی ٢٤ - ٤ی شاری قەڵادزێ

چاپکردن ئیمەیڵ

مێژووی دەڤەری پشدەر پڕە لە نەبەردی و رووداوی شۆڕشگێڕی لەمێژووی جوڵانەوەی رزگاریخوازی گەلی كورد لەكوردستانی باشور، شاری قەڵادزێ لەدوای باوەشكردنەوەی بۆ مامۆستایان و خوێندكارانی زانكۆی سلێمانی، توانی لاپەڕەیەكی تر بخاتە سەر مێژووی پڕ لەنەبەردی نەتەوەیی ناوچەكە، بەڵام بەداخەوە رژێمی بەعسی فاشیست لەبەرەبەیانی رۆژی (٢٤ – ٤ - ١٩٧٤)، بەفڕۆكەی جەنگی و چەكی ناپاڵمی قەدەغەكراو شاری قەڵادزێی بۆردومانكردو زانكۆی سلێمانی كە بەزانكۆی شۆڕش ناسرابوو لەو شارە شەهید كردو لەئەنجامدا چەندین خوێندكارو مامۆستای بریندارو شەهیدكرد.

بۆردومانی فڕۆكە جەنگیەكانی رژێمی بەعسی فاشیست، بووە هۆی شەهیدكردن و برینداركردنی خەڵكی سیڤیلی شاری قەڵادزێی نەبەردو خاپوركردنی بەشێكی زۆری شارەكەش، لەدوای ساڵێكیش لەشەهیدكردنی زانكۆی شۆڕش و شاری قەڵادزێ، و لەرێوڕەسمی ساڵیادی ئەو كارەساتەدا، خەڵكی ئەم شارە سەربەرزە خۆپیشاندانی جەماوەریان رێكخست، لەرۆژی (٢٤ – ٤ -١٩٨٢)دا بەڵام بەداخەوە جارێكیتر رژێمی بەعس كەوتە وێزەی رۆڵەكانی ئەم شارەو دووبارە قەڵادزێ شەهید كرایەوە.
راپەڕین و خۆپیشاندانەكان و شەهیدكردنی زانكۆی سلێمانی و خاپوركردنی شارەكە، لە هزرو یادەوەری خەڵكی ناوچەكەدا بەپیرۆزی ماوەتەوە، هەربۆیە ساڵانە بەڕێورەسمی شكۆمەند ساڵیادی ئەو راپەڕین و كارەساتانە بەپیرۆز رادەگیرێت، و لەو نێوەندەشدا زانكۆی راپەڕین لەساڵوەگەڕی ئەم یادە نیشتمانیی و نەتەوەییەدا، ساڵانە چالاكی جۆراوجۆری زانستی رێكدەخات و چەند كۆنفڕانسێكی نێودەوڵەتی لەو یادەدا رێكخستووە.
ئەمساڵ لەبارودۆخێكدا یادە مێژووییە نیشتمانیی و نەتەوەییەكانی وەكو راپەڕین و خۆپیشاندانەكان و بۆردومانكردن و شەهیدكردنی زانكۆی سلێمانی لەقەڵادزێ دەكەینەوە، كە هاوكات وەكو وڵاتانی دیكەی جیهان رووبەڕوی ڤایرۆسی كۆرۆنا وەستاوینەتەوەو بەئامانجی خۆپارێزی و پابەندبوونمان بەڕێنماییە تەندروستییەكانی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان و رێزگرتن لەهەوڵ و ماندوبون و شەونخونی هێزەكانی ناوخۆ لەپاراستنی كوردستان و هاونیشتمانیان، ناچارین، چالاكی ساڵیادی بۆنە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان نەكەینەوە، هاوكات زانكۆی راپەڕینیش لەمساڵدا بەهۆی راگرتنی دەوامی خوێندنەوە نەیتوانی چالاكیەكانی ئەم یادە رێكبخات و هاوشێوەی ساڵانی رابردوو بەشكۆمەندیەوە یادەكان بكاتەوە.
ئەم یادانە لە قوڵایی هزرو بیرماندا هەمیشە زیندون، هەربۆیە لەرۆژی شەهیدی زانكۆدا سەری رێزو نەوازش بۆ سەرجەم شەهیدانی رێگای رزگاری كوردستان و شەهیدانی هەردوو كارەساتی ئەم شارەی شەهیدی خوێندنی باڵا دادەنەوێنین ... هەر لەم یادە نیشتمانی و مێژووییەدا داوا لەحكومەتی هەرێم دەكەین ئاوڕی جدی ئاوەدانیی و خۆشگوزەرانی لەم دەڤەرە بداتەوە كە پڕ بە باڵای خەبات و تێكۆشان و شەهیدانی ئەم دەڤەرە بێت.
پ.ی.د. موفق خالد ابراهیم
سەرۆكی زانكۆی راپەڕین