ئەمڕۆ دووشەممە ١٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠، لە هۆڵی چالاکییەکانی زانکۆی ڕاپەڕین، کۆلێژی زانست سیمپۆزیۆمێکی زانستی دەربارەی (ژیانێکی تەندروست و کاریگەری مادە تیشکاوەرەکان) ڕێکخست.
سەرەتا د. محمد حمەعلی ڕەشید ڕاگری کۆلێژی زانست لە وتەیەكدا بەخێرهاتنی ئامادەبووانی كرد وتی” ئەمڕۆ لەم سیمپۆزیۆمەدا دەمانەوێت سەبارەت بە فاکتەرێکی گرنگ و پەیوەست بە تەندروستی ژیانی مرۆڤ بدوێین، دواتر پوختەیەکی دەربارەی چەند مادەیەکی بواری کیمیا و کاریگەری و مەترسییان لەسەر تەندروستی ژیانی مرۆڤ مرۆ خستەڕوو، پاشان لەبارەی گرنگی سیمپۆزیۆمەكە وتی بەپێویستی دەزانین کە خوێندکارانمان زانیارییان هەبێت لەسەر کاریگەری مادە تیشکاوەرەکان و ئەوانیش تاکەکانی کۆمەڵگە بەرامبەر بەو مادانە هۆشیار بکەنەوە، بۆئەوەی بە هەمووان کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و تەندروست بنیادبنێین.
سیمپۆزیۆمەکە لە دوو پانێڵ پێکهاتبوو، پانێڵی یەکەمد دوو سیمیناری لە خۆی گرتبوو بە ناونیشانی (ستایلی ژیان و تیشکاوەری) کە لەلایەن دکتۆر محمد حمەعلی ڕەشید پێشکەشکرا، سیمیناری دووەم دەربارەی (سەرچاوەی ماددە تیشاوەرەکان) لەلایەن مامۆستا پێشەوا حمەد علی باسکرا.
پاشان لە پانێڵی دووەمدا مامۆستا هیوا محمد قادر سیمینارێکی بە ناونیشانی (ئامێرە پزیشکیەکان و کارگەری تیشکەکان) پێشکەش کرد، دواتر دکتۆر ڕامیار کەمال خدر سیمینارێکی لەبارەی (کاریگەرییەکانی تیشک لە ڕووی بایۆلۆجیەوە) پێشکەش کرد.
لە سیمپۆزیۆمەکەدا باس لە چەندین مادەی کیمیایی و مەترسی و کاریگەرییان لەسەر تەندروستی ژیانی مرۆڤ کرا، هەروەک چەندین ڕێگای خۆپارێزی لە مەترسی مادەی تیشکاوەرییەکان باسکران و بەرچاوڕوونی سەرەتایی و پێویست بۆ ئامادەبووان خرایەڕوو.