ئەمڕۆ سێشەممە ٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠، بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی و سەلامەتی لە زانکۆی راپەرین بەھەماھەنگی کۆلێژی پەرستاری و کۆلێژی زانست و بەرێوەبەرایەتی راگەیاندن، وەک هەڵمەتی خۆپارێزی لە نەخۆشی ئەنفلۆنزای وەرزی، سیمینارێکی زانستییان بۆ خوێندکارانی زانکۆ و سەرجەم چین و توێژەکان دەربارەی (ئەنفلۆنزای وەرزی H1N1) ڕێکخست.
سەرەتا (پێشڕەو خدر ) بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی و سەلامەتی لە زانکۆی راپەرین باکگراوندێکی مێژوویی دەربارەی ئەنفلۆنزای وەرزی H1N1 خستەڕوو، پاشان باسی لە گرنگترین نیشانەکانی توشبوون بە نەخۆشیەکە کرد، دواتر پوختەیەکی دەربارەی جیاوازی ئەنفلوەنزای ئاسایی و ئەنفلۆنزای وەرزی ناسراو بە H1N1 لە کەسی توشبوو باسکرد.
دواتر مامۆستا (ڕزگار پیرۆت) مامۆستا لە کۆلێژی زانستی زانکۆی ڕاپەڕین، لە ناوەڕۆکی سیمینارەکەدا باسی لە هەنگاوەکانی خۆپارێزی لە نەخۆشی ئەنفلۆنزای وەرزی کرد، هەروەک شێوازەکانی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەکە و گرنگترین نیشانەکان لای کەسی تووشبوو و هۆکاری گواستەوەی نەخۆشیەکە لە کەسێک بۆ کەسێکی دیکە و چۆنیەتی چارەسەرکردنی بۆ ئامادەبووان خستەڕوو.