كۆنفرانسی "دەرهاویشتە هزری و فەلسەفی وگۆڕانکاریە بەدەستهاتوەکان لە جیهاندا" بەسەركەوتویی كۆتایی هات
ڕۆژی یەکشەممە ١٥ی کانونی یەکەمی ٢٠١٩،بە ئامادەبوونی بەڕێز (پ.ی.د. موفق خالد ابراهیم) سەرۆکی زانکۆ و بەڕێز (د. ایاد الصلاحی) سەرۆكی ئەنجومەنی ئەمینداریەتی بیت الحكمە و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ و توێژەرانی زانکۆکانی هەرێم و عێراق و مامۆستایان و خوێندکارانی زانکۆ، لە هۆڵی چالاکیەکانی زانکۆی ڕاپەڕین، بەشی فەلسەفەی زانکۆی ڕاپەڕین یەکەمین کۆنفرانسی خۆی و بەهاوبەشی لەگەڵ پانزەیەمین کۆنفرانسی (بیت الحکمەـ بغداد)ی لەژێر ناونیشانی(دەرهاویشتە هزری وفەلسەفی وگۆڕانکاریە بەدەستهاتوەکان لە جیهاندا) سازکرد.
لە دەستپێكی کۆنفرانسەکەدا بەڕێز د. موفق خالد سەرۆکی زانکۆ وتارێکی پێشکەشکرد: تیایدا وێڕای سوپاسی ستافی کۆنفرانس و ناوەندی بیت الحكمە، ئاماژەی بەوەدا کە پەیوەندییە زانستی و فکرییەکان لە نێوان زانکۆکان و دامەزراوە ئەکادیمییەکانی عێراقدا لەم بارودۆخەدا پێویستییەکی هەنوکەین، هەروەک هیوای خواست کە پەیوەندییە زانستییەکان لە نێوان هەردوولا بەردەوامیان هەبێت لەپێناو بنیادنانی عێراقێکی تازە و بە دامەزراوەییکردنی دامودەزگاکانی .
پاشان وتاری سەرۆكی ئەنجومەنی ئەمینداریەتی بیت الحكمە لەلایەن بەڕێز د. ایاد الصلاحی خوێنرایەوە: تیایدا پوختەیەکی دەربارەی مێژووی فەلسەفە و چالاکییە فەلسەفییەکانی بیت الحكمە خستەڕوو، هەروەک چالاکییە فکری و زانستییەکانی زانکۆی ڕاپەڕینی بە گرنگ ناوبرد.
دواتر وتاری سەرۆكی لیژنەی باڵای كۆنفڕانس لەلایەن د. مسلم حسن سەرۆکی بەشی فەلسەفە خوێنرایەوە: تیایدا وێڕای سوپاسی لیژنەی زانستی و ئامادەکاری کۆنفرانس، ئامانجەکانی پشت ڕێکخستنی کۆنفرانسەکەی بۆ ئامادەبووان خستەڕوو، لە کۆتایی وتارەکەیدا وەک جەختکرنەوەیەک لەسەر گرنگی بابەتی فەلسەفە، ئاماژەی بەوەدا لە وڵاتانی پێشکەوتوو زۆر جار فەلسەفە لەپشت بڕیارە یاسایی وسیاسی و ئابورییەکانەوەیە.
پاشان کارەکانی کۆنفرانس دەستیپێکرد، لە یەکەم رۆژدا لە دوو پانێڵدا چەندین سیمینار لە بوارە جیاوازەكانی تایبەت بە فکری فەلسەفی لەلایەن توێژەرانی بواری فەلسەفە لە زانکۆکانی ڕاپەڕین و سەلاحەدین و بغداد و مستنصریە و واسگ و کوفەوە پێشکەشکران.
لە دووەم ڕۆژی کۆنفرانسەکەدا کە ئەمڕۆ دووشەممە بەڕێوەچوو، لە دوو پانێڵدا ژمارەیەک سیمینار لە بواری فەلسەفە و بوارە جیاجیاکانی پەیوەندیدار بە ڕەهەندەکانی فکری فەلسەفی لەلایەن توێژەرانی زانکۆکانی کورستان وعێراق پێشکەشکران.
بەر لە کۆتایی کارەکانی کۆنفرانس، چەند خاڵێك وەك ئەنجام و ڕاسپاردەكانی كۆنفرانسەكە خرایە ڕوو، بریاردرا لە یاداشتێكدا بەرزبكرێتەوە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەكان لەپێناو گرنگیدان بە بابەت و فکری فەلسەفی لە عیراق و هەرێمی کوردستان .
لە كۆتایی کۆنفرانسە فەلسەفییە هاوبەشەکەدا، ڕێزلێنانی سەرۆکایەتی زانکۆی ڕاپەڕین بەخشرایە سەرجەم توێژەران و ناوەندی بیت الحکمە، هەروەها ڕێزلێنانی ناوەندی بیت الحکمە بەخشرایە زانكۆی ڕاپەڕین لەپای بەڕێوەبردن و سەرکەوتنی کارەکانی كۆنفرانسەكە.