ئەمڕۆ سێشەممە (26 – 11 – 2019) لەهۆڵی چالاكییەكانی زانكۆی راپەڕین و لە میانی (16) رۆژی هەڵمەتی نیشتمانی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لەهەرێمی كوردستان، سیمپۆزیۆمی بەشداری ژن و سنورداركردنی دەسەڵاتەكانی لەكایە گشتییەكاندا بەڕێوەچوو، كە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی سەنتەری جێندەرناسی و بەڕێوەبەرایەتی چالاكی وەرزش و رۆشنبیری رێكخرابوو.
لەسەرەتای سیمپۆزیۆمەكە بەڕێز (د. بەهزاد وسو حمد) سەرۆكی زانكۆی راپەڕین بەوەكالەت وتاری سەرۆكایەتی زانكۆی راپەڕینی پێشكەشكرد، كە تیایدا بەوردی تیشكی خستەسەر مەترسی و كاریگەری توندوتیژی دژی ژنان لەجیهان و هەرێمی كوردستان و دواتریش باسی لەجۆرەكانی توندوتیژی دژ بەژنان كردو بەخێرهاتنی بەشداربوانی سیمپۆزیۆمەكەشی كرد.
دواتر سیمینارەكانی سیمپۆزیۆمەكە لەلایەن بەڕێز ( بانە فاتح) بەڕێوەبەری سەنتەری جێندەرناسی لەزانكۆی راپەڕین، بەڕێوەبران و سەرەتا د. بەسمە محمد كۆمیسیار لەكۆمیسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ لەعێراقدا سیمینارێكی لەژێر ناونیشانی (بەربەرستەكانی بەردەم ژنی سەركردە لەدامودەزگا حكومیەكاندا) پێشكەشكرد، دواتر لەلایەن د. چۆمان هەردی بەڕێوەبەری گشتی سەنتەری جێندەرناسی لەزانكۆی ئەمریكی – سلێمانی لەعێراق سیمینارێك دەربارەی (چەمكی جێندەرو تێڕوانینە جیاوازەكان دەربارەی جێندەر) پێشكەشكرا، هەروەها لەلایەن شۆخان حەمەڕەشید پارێزەرو بەڕێوەبەری رێكخراوی هاریكاری یاسایی ژنان سیمینارێكی تر بەناونیشانی (هۆكارەكانی جێبەجێنەكردنی یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانی) پێشكەشكرا.
سیمپۆزیۆمەكە پرسیارو سەرنجی ئامادەبووان و وەڵامی پێشكەشكارانی سیمینارەكان كۆتایی پێهات.