ئەمڕۆ دووشەممە ٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩، لە زنجیرەی چالاکییە زانستییەکاندا، ڕاگرایەتی کۆلێژی زانست لە زانکۆی ڕاپەڕین، وێرکشۆپێکی لە ژێرناونیشانی (چەکە کۆکوژەکان) سازکرد .
لە دەسپێکی وێرکشۆپەکەدا وتاری ڕاگرایەتی کۆلێژی زانست لەلایەن بەڕێز د.محمد حەمەعلی رشید راگری کۆلێژی زانست پێشکەشکرا: لەوتارەکەیدا وێڕای بەخێرهاتنی ئامادەبووان، سوپاسی ڕێکخەرانی چالاکییە زانستییەکەی کرد، هەروەک ناوەڕۆکی وێرکشۆپەکەی بە بابەتێکی سەردەمی ناوبرد، جەختیشی کردەوە کە پێوێستە زانکۆ و ناوەندە زانستییەکانی کۆمەڵگا گرنگی زیاتر بە بابەتە زانستی و سەردەمییەکان بدەن، بۆ ئەوەی چین و توێژەکانی کۆمەڵگە هۆشیاربن بەرامبەر بەو ڕووداوانەی کە ڕۆژانە ڕوودەدەن، لە کۆتاییدا چەند زانیارییەکی دەربارەی چەکە کۆکوژەکان بۆ ئامادەبووان خستەڕوو.
وێرکشۆپەکە لە دوو پانێڵ پێکهاتبوو، لە پانێڵی یەکەمدا باس لە چەکی فسفۆڕ و جۆرەکانی تری چەکی کۆکوژکرا لەلایەن هەردوو مامۆستا دارا محمد عزیز و مامۆستا زانا حسن ابراهیم، پاشان لە پانێڵی دووەمی وێرکشۆپەکەدا مامۆستا نەبەز علی احمد باسی لە خۆپاراستن و چارەسەرکردنی لێکەوتەکانی چەکی کۆکوژ کرد لەڕووی تەندروستییەوە، دواتر دکتۆر ڕێباز ڕسول خدر باسی لە یاسا نێودەوڵەتیەکان کرد بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی چەکە کۆکوژەکان.