ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩، دووەمین کۆنفرانسی ساڵانەی پڕۆژەی تایگریس لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو، کە لەلایەن دەستەی کوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیجی میوانداری کرابوو. زانکۆی ڕاپەڕین وەک یەکێک لە زانکۆ بەشدارەکانی پڕۆژەی تایگریس بۆ بەنێودەوڵەتیکردنی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان بەشداری کۆنفرانسەکەی کرد و هەریەکە لە بەڕێزان سەرۆکی زانکۆ و بەڕێوەبەری پەیوەندیەکان بەشدار بوون.
ئامانج لە کۆنفرانسەکە ناساندنی زیاتری پڕۆژەکە بوو، بۆ ئەو مەبەستەش هەریەکە لە بەڕێز وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و سەرۆکی زانکۆکان و نوێنەرانی دەزگا پەیوەندیدارەکان ئامادەبوون.
هەر لە کۆنفرانسەکەدا بەشێک لە زانکۆکان ستراتیجی بەنێودەوڵەتیبوونی خۆیان خستەڕوو، کە لە چوارچیوەی پڕۆژەی تایگریسی ئامادەیان کردووە، هەروەها سەرجەم زانکۆ بەشدارەکان بە شێوەی پۆستەر پوختەی ستراتیجەکانیان بە ئامادەبوان نیشاندا و وەڵامی پرسیارەکانیان دایەوە.
لە ڕۆژی دووەمی کۆنفرانسەکەدا کۆبونەوەی لیژنەی باڵای پڕۆژەکە بەڕێوەچوو. هاوکات زانکۆکان لەگەڵ ڕێکخەری پڕۆژەی تایگریس دانیشتن و باسیان لە بەرەوپێشچونی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە لە ماوەی دوو ساڵی تەمەنیدا کرد و پلانیان بۆ ساڵی سێیەم و کۆتایی دانا.