University of Raparin Logo

لەرۆژی مامۆستایاندا، سەرۆكی زانكۆی راپەڕین پەیامێک ئاراستەى مامۆستایان دەکات

چاپکردن ئیمەیڵ

رۆژی (5 - 10)ی هەموو ساڵێك كە بە رۆژى جیهانى مامۆستایان و (6-10)ش بە رۆژى مامۆستایانى کوردستان دانراوە، سەرۆكی زانكۆی راپەڕین بەڕێز (پ.ی.د. موفق خالد ابراهیم) سەرۆكی زانكۆی راپەڕین لەپەیامێكدا پیرۆزبایی له سەرجەم مامۆستایانی كوردستان بەگشتی و مامۆستایانی زانكۆی راپەڕین بەتایبەت. كە ئەمە دەقەكەیەتی:

 

مامۆستایانی خۆشەویست
بەبۆنەى (٥ /١٠) رۆژى جیهانى مامۆستایان و (٦ /١٠) رۆژى مامۆستایانى کوردستان، پیرۆزبایى ئاڕاستەى سەرجەم مامۆستایانى كوردستان بەگشتی و مامۆستایانی زانكۆی راپەڕین بەتایبەتی دەكەم و هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم.
مامۆستایان لەكوردستان هاوشان و هاوشێوەی توێژەكانی دیكە، رۆڵ و كاریگەریی زۆریان هەبووە لەشۆڕش و راپەڕینەكانی كوردستان و سەربەخۆی كوردستاندا، هەروەك توێژێكی دانەبڕاو بوون هاوشانی برا پێشمەرگەكان لەخەباتی چەكداری و خەباتی مەدەنی لەپێگەیاندنی رۆڵەكانی وڵات بەگڕوتینی شۆڕشگێڕانە.
لەدوای پڕۆسەی رزگاركردنی كوردستانیش لەراپەڕینە مەزنەكەی بەهاری (5ی ئاداری 1991) كە لەشاری رانیەوە كڵپەی سەند، مامۆستایان توێژێكی كاریگەربوون لەبنیادنانی حكومەت و دامەزراوە دەوڵەتییەكانی هەرێمی كوردستان و رۆڵی بەرچاویان هەبووە لەفەراهەمكردن و گەشەپێدانی ئازادی و دیموكراسی و رۆحیەتی پێكەوەژیانی ئایین و نەتەوە جیاوازەكان لەهەرێمی كوردستاندا.
هەربۆیە لەئێستادا كە ناوچەكەو هەرێمی كوردستان بەقۆناغی راگوزەری سیاسیی هەستیاردا تێپەڕدەبن، مامۆستایان ئەرك و بەرپرسیارێتی گرانتریان دەكەوێتە ئەستۆ كە پڕۆسەی پەروەردەو فێركردنی نەوەی نوێیە.
لەماوەی دەیەكانی رابردوودا رێكخراوە پیشەییەكانی مامۆستایان، بەتایبەت (یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان) رۆڵ و كاریگەری بەرچاویان هەبووە لەدەستكەوتە زانستییەكان و سەركەوتنی پڕۆسەی پەروەردەو فێركردن لەناوەندەكانی خوێندن لەباخچەكانی ساوایان، خوێندنگەكان، پەیمانگاكان و زانكۆكان بەشێوەیەكی گشتی لەهەرێمی كوردستان، بۆیە جێی خۆیەتی لەم بۆنەیەدا سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاڕاستەى سکرتێر و ئەندامانى سکرتاریەتى یەکێتى مامۆستایانى کوردستان بکەین و هيوادارين وه‌ك هه‌میشه‌ هه‌وڵ بۆ به‌دیهێنانی ئامانجە نیشتمانیی و نەتەوەییەكان بدەن.
جارێكی تر پیرۆزبایی رۆژی جیهانی مامۆستایان و رۆژی مامۆستایانی كوردستان، لەسەرجەم مامۆستایانی ناوەندەكانی خوێندن لەكوردستان و دەڤەری راپەڕین و مامۆستایانی زانكۆی راپەڕین دەكەم، و هیواخوازم هەمووان بەیەكەوە وەك هەمیشە بەردەوام بین لەبنیادنانی سیستەمی هاوچەرخی پەروەردەو فێركردن و بەردەوامبین لەبەدیهێنانی ئامانجە زانستیی و نەتەوەیی و نیشتمانییەكان.

پ.ی.د. موفق خالد ابراهیم
سەرۆكی زانكۆی راپەڕین
5 - 10 - 2019