ئەمڕۆ پێنج شەممە (3-10-2019)، پڕۆفیسۆر عیزەدین مستەفا رەسوڵ، یەكێك لەدیارترین نوسەرەكانی هەرێمی كوردستان لەتەمەنی (86)ساڵیدا لەشاری سلێمانی كۆچی دوایی كرد، بەبۆنەی ئەم كەسەرە گەورەیەوە سەرۆكایەتی زانكۆی راپەڕین، پەیامێكی ماتەمینی رادەگەیەنێت.
پڕۆفیسۆری (عیزەدین مستەفا رەسوڵ)، یەكێك لە ناسراوترین نوسەرو رۆژنامەوان و پسپۆڕەكانی زمان و ئەدەبی كوردی كە دەیان ساڵ لەزانكۆكانی كوردستان وەك مامۆستاو توێژەرو پسپۆڕ خزمەتی زانستیی كردووەو خاوەنی دەیان بەرهەمی چاپكراوی زانستیی و ئەدەبییە، پرسەنامەو هاوخەمی زانكۆی راپەڕین ئاڕاستەی خانەوادەو مامۆستایانی زانكۆكانی كوردستان دەكەین.
لەدەستدانی پڕۆفیسۆر عیزەدین مستەفا رەسوڵ كەسەرێكی گەورەیە بۆ زانكۆكانی كوردستان و بەشەكانی زمانی كوردی، و بواری ئەدەب و زمان و رۆژنامەوانی، و ناوبراو هەموو تەمەنی لەخزمەتی زانست و ئەدەب و مێژوو و كولتوری كورد بەخشی، هەربۆیە ژیانئاوایی ئەم پڕۆفیسۆرە كۆستێكی گەورەیە بۆ زانست و زانین.
داواكارین لەیەزدانی مەزن، كۆچكردوو بەبەهەشتی بەرینی خۆی شاد بكات و سێبوری كەسوكارو هاوڕێ و هەڤاڵان و هاوپیشەكانی بدات.
سەرۆكایەتی زانكۆی راپەڕین