خوێندكارانی ئازیز، هیوای دوا ڕۆژی نیشتمان...
مامۆستایانی بەڕێز و فه‌رمانبه‌ره دڵسۆزەکانی زانكۆ....
كه‌سوكاری خوێندكاره ده‌رچوه‌كان و ئامادەبوانی بەرێز...
بەناوی سەرۆکایەتی زانکۆی ڕاپەڕین، زۆر خۆشحاڵین به ئاماده‌بونتان له ئاهه‌نگی هەشتەمین خولی ده‌رچوانی زانكۆمان، به‌م بۆنه‌یه‌وه به‌ناوی لیژنه‌ی باڵای ئاهه‌نگی ده‌رچووانه‌وه به‌گه‌رمی به‌خێرهاتنی ئێوه‌ی خۆشه‌ویست ده‌كه‌ین و جوانترین پیرۆزبایی ئاراسته‌ی سه‌رجه‌م خوێندكاره ده‌رچوه‌كان و كه‌سوكاریان ده‌كه‌ین، هه‌روه‌ها ده‌ستخۆشی و پیرۆزبایی ئاراسته‌ی مامۆستایان و ستافی كارگێڕی زانكۆمان ده‌كه‌ین، هیوادارین فێربون به‌زانستی نوێ و بیری سەردەمیانە ببێته سه‌رمایه‌ی پێشكه‌وتنی ئاستی زانست و خزمه‌تكردنی هه‌رێمه‌كه‌مان.
دەرچوانی خۆشه‌ویست...
ئەمڕۆ، بە خۆشحاڵییەوە لە ناو شادومانی و نیگا پڕ هیواکانی ئیوە بۆ ئایندەی خۆتان و کۆمەڵگا و نیشتمان، لە ژێر دروشمی (زانکۆ لە ناوەندی زانست و داهێنانەوە بەرەو بەگەڕخستنی توانستە پیشەیی و ئەکادیمییەکان لە دامەزراوەکاندا) ئاهەنگی هەشتەمین خولی دەرچووانی زانکۆی راپەڕین دەگێڕین. لە کاتێکدا ساڵی خوێندنی (٢٠١٨-٢٠١٩) خاڵی نه‌بوو له گرفتە ئابوری و سیاسییە هەرێمی و ناوچەییەکان، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زانکۆی راپەڕین بە هەوڵی مامۆستا و خوێندکار و ستافەکانی، لە هەنگاوەکانی پێشکەوتن و نوێبوونەوە و بەجیهانیبوون نەوەستا.
دەرچووانی ئازیزی زانکۆی راپەڕین...
ئێوە دوای هەوڵ و شەونخونی و ئەنجامدانی دەیان چالاکی زانستی و تاقیکردنەوەی جۆربەجۆر و چەند ساڵێک خوێندن، بوونەتە خاوەن توانست و لێهاتوویی و بروانامەی زانستی و پیشەیی تا لە بوارە جیاوازەکانی ژیان و کار و خزمەتدا رۆڵی گەورە لە کۆمەڵگا و شارستانیەتدا بگێڕن. کەواتە ئیوە لە یەکەمین ئەو کەسانەن کە پێویستە هەلی کار و دەرفەتی خزمەتتان پێ بدرێت لە دامەزراوە نیشتیمانی و حکومی و ئەهلییەکان. له‌و روانگه‌یه‌شه‌وه، داواكارین حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و دامەزراوە و خاوەنکاران، دەرفەتی زیاتر بۆ دەرچوانی زانکۆ فەراهەم بکەن تا بتوانن کارامەیی خۆیان بخەنەگەڕ لە پسپۆڕی و بوارە جیاوازەکاندا. بۆ ئەم مەبەستەش زانکۆمان لە هەموو یەکە ئیدارییەکانی پەیوەست بە خوێندکاران و سەنتەری کار هەوڵ و کارئاسانی پێشکەشی دەرچووان و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات.
بەرێزان ...
زانکۆی راپەڕین لە ئێستادا جگە لە خویندنی بەکالۆریۆس، لە چەندان بەشی زانستی خوێندنی باڵای ماستەر و دکتۆرای هەیە و لە هەوڵی ئەوەدایە خوێندنی باڵا بە گوێرەی پێویست و پێوەرە زانستییەکان لە بەشەکاندا زیاتر بکات، ئەمە سەرەڕای هەوڵەکان بۆ کردنەوەی کۆلێژی زانستە پزیشکییەکان و بەشی زانستی دیکە، هەروەها هەوڵەکان بۆ زیاتر بەنێودەوڵەتیکردنی پرۆگرام و سیستمی خوێندن بەردەوامن و ئاڵوگۆڕی زانستی و ستاف و خوێندکاران لەگەڵ زانکۆ جیهانییەکان لە هەندێ بەشی زانکۆمان دەستیپێکردوە و لە پلانی ئایندەدایە ئەم ئاڵوگۆڕە زیاتر بکرێت. ئەمە سەرەڕای ئەوەی زانکۆمان لە ڕووی کەمپەس و بینا و ژینگەی پاک و سەوزایی و چالاکی کەلتوری و خوێندکاران، هەمیشە لە پیشەوەی زانکۆکانی دیکەوە بووە، هەروەک هەوڵیداوە لەپاڵ ژینگەی زانستی و ئەکادیمی، دەرفەت و چالاکی دیکەی کەلتوری و وەرزشی و فێستیڤاڵ و خولی هەمەجۆر بۆ خوێندکاران بکاتەوە.
له‌كۆتایدا، وێڕای پیرۆزبایی، دووباره به‌ناوی لیژنه‌ی باڵای ئاهه‌نگی هەشتەمین خولی ده‌رچوانی زانكۆمانه‌وه سوپاسی هه‌موو ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه ده‌كه‌ین كه هاوكار و پشتیوانمان بوون بۆ سه‌ركه‌وتنی ئه‌م ڕێوڕەسمە و ساڵی خوێندنی رابردوو.
هیوای سه‌ركه‌تن و پێشكه‌وتن بۆ ئێوەی ئازیز..
پ.ی.د. دارا تۆفیق كاكهامین
ی.سه‌رۆكی زانكۆ بۆكاروباری خوێندكاران
سه‌رۆكی لیژنه‌ی باڵای ئاهه‌نگی ده‌رچوان