ئاهەنگی دەرچوونی خوێندکاران لە زانکۆکاندا، یەکێک لە گرنگترین وێستگەکانی ژیانی هەر خوێندکارێکن، بۆ ئەم رۆژە خوێندکاران ئامادەکاری زۆر دەکەن و خۆیان دەڕازێننەوە، بەتایبەتیش کچان و پارەیەکەی زۆریش بۆ ئەم رۆژە خەرج دەکەن، ئەوەی دواجار دەمێنێتەوە چەند وێنەیەکە بۆ یادگاری.
یەکێک لە گرنگترین رۆژەکانی ژیانیان سەرقاڵیکردوون، بەشێوەیەک بەشێکیان لەدرەنگانی شەوەوە لە ئارایشتگاکاندا لە سەرەدا دەوەستن، بۆئەوەی هەرچی زووە فریای خۆرازاندنەوە بکەون، زۆربەیان دودڵی بە روخساریانەوە دیارە، چونکە دەیانەوێت بەجوانترین شێوە دەربەکەون.
بە ئاهەنگ و خۆشی، هەندێکیش بە چاوی پڕ فرمێسک ماڵئاوایی لەچوار ساڵی خوێندن دەکەن، لێرە رەنگا ورەنگی جل و قاقای پێکەنین و هەڵپەڕکێ ئاوێتەی ئەو رۆژەبوون، کەپێی دەڵێن رۆژی دەرچوون.
لەو رۆژەدا، هەندێك دەیانەوێ زۆر سەرەنجڕاکێش دەربکەون، هەندێکی دیکەش سادەیی هەڵدەبژێرن، هەندێکیش هەرچۆنێک بن دەیانەوێت سێڵفییەکان لەدەست نەدەن.
تەنیا جیاوازی نێوان کوران و كچانیش لە ئامادەکارییەکانیان دایە. ماندووتر لە کچان دایکیانە، چونکە چەندمانگێک پێش ئەورۆژە ئەوانیش بۆ دڵخۆشبوونی کچەکانیان ماندو دەبن.
ڕۆژەکان تێدەپەڕن وماندوو بوونی خوێندکارانیش دەڕەوێتەوە، تەنیا ئەوەی دەمێنێتەوە ئەو وێنانەن، کۆمەڵە وێنەیەک کە رۆژە تاڵ و شیرینەکانی خوێندن بەبیر خوێندکاران دەهێنێتەوە.
