بەمەبەستی بەرزكردنەوەی توانای بڵاوكردنەوەی توێژەران و ئەكادیمیانی هەرێمی كوردستان و عێراق لە گۆڤارە ئاست بەرزە نێودەوڵەتییەكان و ئاشنا كردنیانە بە میتۆدەكانی توێژینەوە، لەزانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی، وێركشۆپێكی نێودەوڵەتی بەناونیشانی “پراكتیزە باشەكان لە بڵاوكردنەوەی ئەكادیمیدا” بەهاوبەشی لەگەڵ پڕۆفیسۆر و ئەكادیمی و پسپۆڕانی دەزگا ئەكادیمییە بەڕیتانیەكان ئەنجامدراو سێ مامۆستای زانكۆی راپەڕینیش بەشداربوون لەوێركشۆپەكەدا.
رۆژی پێنجشەممە (30-5-2019) لە هۆڵی پیرەمێردی سەرۆكایەتی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی، وێركشۆپی نێودەوڵەتی “پراكتیزە باشەكان لە بڵاوكردنەوەی ئەكادیمی دا” دەستیپێكرد كە تێیدا هەریەك لەبەڕێزان (د. پەیمان رەمەزان) پسپۆڕ لەبەڕێوەبردنی گشتی و سەرۆكی بەشی كارگێڕی لەكۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەكان و د. قادر محمد پسپۆڕ لەمێژوو و مامۆستا لەبەشی مێژووی كۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەكان و د. ئاراز رەمەزان پسپۆڕی میدیای ئەلیكترۆنی و بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانكۆی راپەڕین، بەشداربوون لەوێركشۆپەكەدا.
لەسەرەتادا د.ڕۆژین كەمال سەرۆكی گروپی توێژینەوەی كەلەپووری كولتووریی دیجیتاڵی لەسەنتەری توێژینەوەی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی كورتەیەكی دەربارەی ئامانج و گرنگی وۆركشۆپەكە باس كرد. دواتر (پ.ی.د.ئالان فەرەیدون) سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی وتەیەكی پێشكەشكرد.
ئەم وێركشۆپە لەسەر نووسینی ئەكادیمی و چۆنیەتی ئەنجامدانی توێژینەوەی نێوپسپۆڕی و بڵاوكردنەوە لە گۆڤارە ئاست بەرزە نێودەوڵەتیەكانی زانستە كۆمەڵایەتی و مرۆڤایەتیەكان و نووسینی گرانت، لەلایەن ئەكادیمی بەریتانیا فەندكراوەو بۆ سێ رۆژ بەردەوام بوو لە 30ی ئایاری 2019 بۆ 1ی حوزەیرانی 2019 كە تێیدا 30 ئەكادیمی خاوەن دكتۆرا لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان و شارەكانی تری عێراق كە بەپێشكەشكردن و بةكێبڕكێ وەرگیرابوون، ئەم زنجیرە وێركشۆپە یەكێكە لە دوو زنجیرە وێركشۆپەی كە لەسەر ئاستی عێراق تەنها لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و زانكۆی كوفە ئەنجام دەدرێت لە ماوەی ئەمساڵدا