University of Raparin Logo

ئەنجومەنی زانکۆی ڕاپەڕین، بەشداریان لەساڵیادی راپەڕین و بۆردومانی قەڵادزێ كرد

چاپکردن ئیمەیڵ

ئەمڕۆ چوار شەممە (٢٤ی نیسانی ٢٠١٩)، بەڕێز پڕۆفیسۆری یاریدەدەر د. موفق خالد ابراهیم سەرۆکی زانکۆ ڕاپەڕین بە یاوەری ژمارەیەك لەئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆی راپەڕین بەشداریان کرد لە مەراسیمی (٤٥مین) ساڵیادی راپەڕین و بۆردومانی شاری قەڵادزێ و رۆژی شەهیدی زانکۆ، کە لە گۆڕستانی شەهیدان بەڕێوەچوو.
(٤٥) ساڵ لەمەوبەر لەرۆژی (24/4/1974)دا فرۆکەکانی رژێمی بەعس بە چەکی (ناپاڵم)ی قەدەغەکراو شاری قەڵادزێ و زانکۆی سلێمانیان (کە لە ترسی پیلانەکانی حکومەتی بۆ قەڵادزێ گواسترابۆوە) بۆردومانکرد و زیاتر لە 163 هاوڵاتی شەهیدبوون كە 9 كەسیان خوێندكاری زانكۆ بوون، و نزیكەی 300 کەسی تریش برینداربوون لەنێویاندا پۆلێک لە خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆ هەبوون.
هەشت ساڵ پاش ئەو کارەساتە، هاونیشتمانیانی شاری قەڵادزێ بۆ ئیدانەكردنی ئەو تاوانە نەگریسەی ڕژێمی پێشوو گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا بەڵام بۆ جارێکی تر و لەهەمان بەروار واتە لە (٢٤-٤-١٩٨٢) قەڵادزێ کەوتە بەر پەلاماری رژێمی پێشوو و هەر ئەوەش بوو بە هەوێنی ڕاپەرێنێک لەو شارە نیشتیمانپەروەرە لە دژی زوڵم و ستەمی دەسەڵاتی بەعسی فاشی و مێژوویەکیان لە سەربەرزی تۆمارکرد.
دوای کۆتایی هاتنی مەڕاسیمی ساڵیادی راپەڕین و بۆردومانی قەڵادزێ، سەرۆکی زانکۆ و ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆی راپەڕین، سەردانی کۆلێژی پەروەردەیان کرد لە کەمپەسی قەڵادزێی زانكۆی راپەڕین، بە مەبەستی ئاگاداربوون لەچۆنێتی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵی خوێندن لەو کۆلێژە لەگەڵ لیژنەی تاقیكردنەوەكانی کۆلێژی پەروەردە کۆبوونەوەکیان ئەنجامدا و چەند تەوەرێکیان تاوتوێ کرد .
پاشان سەردانی یاریگای تایبەت بە کۆلێژەکەیان کردو بڕیاریاندا یاریگای کۆلێژەکە لە ڕێگەی لیژنەی پسپۆڕەوە نۆژەنبکرێتەوە.