University of Raparin Logo

زانکۆی ڕاپەڕین، سێیەمین کۆنفرانسی زانستی بۆ توێژینەوەی خوێندکارانی بەڕێوەچوو

چاپکردن ئیمەیڵ

لە بەردەوامی چالاکییە زانستییەکانی زانکۆی ڕاپەڕین، ئەمڕۆ دوو شەممە ٨ی نیسانی ٢٠١٩، فەرمانگەی یاریدەدەرێتی سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری خوێندکاران بە دروشمی " با توێژینەوەکان بکەینە دەستپێکی پێشکەوتن" سێیەمین کۆنفرانسی زانستی بۆ توێژینەوەی خوێندکارانی گشت کۆلێژ و بەشەکانی زانکۆ سازکرد .
کۆنفرانسەکە بە ئامادەبوونی بەڕێز د. دارا تۆفیق کاکەمین یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ و ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ و ڕاگری کۆلێژەکانی زانکۆ و ژمارەیەک لە مامۆستایان و خوێندکارانی کۆلێژ و بەشە جیا جیاکانی زانکۆ بەڕێوەچوو.
سەرەتای کۆنفرانسەکە دکتۆر دارا تۆفیق سەرۆکی لیژنەی باڵای کۆنفرانس وتەیەکی پێشکەشکرد: تیایدا ئاماژەی بە گرنگی کۆنفرانسە زانستییەکە کرد، وتیشی: هیوادارین ئەم جۆرە چالاکیانە زیاتر هانی خوێندکارانی زانکۆمان بدات بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەی پڕ بایەخ و سەردەمیانە، هەروەک گرنگترین ئامانجەکانی پشت ئەنجامدانی کۆنفرانسەکەی بۆ ئامادەبووان خستەڕوو کە خۆیان لە بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و مەعریفی خوێندکاران و، ھاندان و راھێنانی خوێندکاران لەسەر ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی و بەھێزکردنی توانستی خوێندکاران لەروی خستنەڕوی بیروبۆچونەکانیان و سازدانی دیالۆگ و دیبەیتی ئەکادیمییانە دەبیننەوە.
پاشان لە سێ پانێڵ و چەند دانیشتنێکی جیاوازدا (١٧) توێژینەوە لەلایەن (٤٤) خوێندکاری بەشەکانی زانکۆ بە ناونیشانی جیاواز پێشکەشکران.
دواتر خوێندکارانی بەشی میوزیکی کۆلێژی هونەری زانکۆی سەڵاحەدین کۆنسێرتی ئۆرکسترای میوزکیان پێشکەشی ئامادەبووانی کۆنفرانسەکە کرد.
بەر لە کۆتایی کۆنفرانسەکە دیاری ڕاگرایەتی کۆلێژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی سەڵاحەدین بە زانکۆی ڕاپەڕین بەخشرا، هەروەها زانکۆی ڕاپەڕین بڕوانامەی ڕێزلێنانی بە سەرۆکی بەشی میوزیکی کولێژی هونەرە جوانەکان بەخشی.
لە کۆتایی کۆنفرانسەکەدا لەلایەن سەرۆکی لیژنەی باڵای کۆنفرانس و ڕاگری کۆلێژەکانی زانکۆ، بڕوانامەی توێژەری سەرکەوتوو بە (٤٤) خوێندکاری بەشداربوو بەخشرا .