بهبۆنهی ڕاگهیاندنی كۆتاییهاتنی پاشهكهوتی موچه لهلایهن ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانەوە، سەرۆكی زانكۆی راپەڕین، لەپەیامێكدا بەناوی ئەنجومەنی زانكۆی راپەڕینەوە سوپاسی مامۆستایان و فهرمانبهرانی زانكۆی راپەڕین دهكات، بۆ دانبەخۆداگرتنیان لهماوهی ساڵانی رابردوودا كه توانیان بەرگەی قەیرانی سەختی دارایی بكەن و سەرەڕای پاشەكەوتی موچەكانیان نەیانهێشت پڕۆسەی خوێندن لەزانكۆی راپەڕین پەكیبكەوێت.
هەر لەپەیامەكەدا، سەرۆكی زانكۆی راپەڕین داوا لەحكومەتی هەرێم دەكات بەمیكانیزمێكی گونجاو و لەبەرژەوەندی مامۆستایان و فەرمانبەراندا، كار بۆ گەڕاندنەوەی سەرجەم موچە پاشەكەوتكراوەكان بكات.
دهقی پهیامی سەرۆكی زانكۆی راپەڕین:
بەڕێزان... مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانكۆی راپەڕین، لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا بەهۆی قەیرانی سەختی دارایی لەهەرێمی كوردستان و بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە لەلایەك و هاتنە پێشەوەی شەڕی نەخوازراوی تێرۆریستانی گروپی تێرۆریستی داعش لەلایەكی ترەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان بەناچاری بڕیاری دانانی پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەرانی دەركرد. ئەوەش بووە هۆی دروستكردنی بارگرانی زۆری ئابوری لەسەر خۆتان و خانەوادەكانتان و ژیانێكی سەختان بەڕێكرد.
خۆشبەختانە دوێنێ (8ی ئاداری 2019)، لەكۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستاندا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پاشەكەوتی موچە دراو، راگەیەنرا كە لەم مانگەوە موچە بەبێ پاشەكەوت دابەشدەكرێت. بۆیە لێرەوە بەناوی ئەنجومەنی زانكۆی راپەڕینەوە بەپێویستی دەزانم كە سوپاسی هەڵوێست بەرزی و خۆڕاگری سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانكۆمان بكەم، لەبەرامبەر هەوڵە بەردەوامەكانتان بۆ نەوەستانی كاروانی زانستیی و پڕۆسەی خوێندن لەزانكۆمان و خزمەتكردنی خوێندكاران و نەفەوتانی ساڵەكانی خوێندنیان. هەروەها ئەوەی ئێوە کردتان دەتوانین بڵێین تەنھا بە ئێوە دەکرێت، ئەوەتا وێڕای قەیران، بڵوکردنەوەی توێژینەوەی زانستی چەندین قات زیادیکردوە لەبواری وانەوتنەوەو خوێندنی بەکالۆریۆسدا دەستتاندایە گەورەترین ڕیفۆرم بەئاراستەی باشترکردنی کوالێتی بەنێودەوڵەتیکردنی خوێندن، سەنتەرەکان و بەڕێوەبەرێتیەکانی زانکۆتان لەھەرکاتێکی تر باشتر بەڕێوەبرد، بۆیە لەم کاتەدا جێی خۆیەتی سوپاستان بکرێت.
مامۆستایان و فەرمانبەرانی بەڕێز... لەماوەی رابردوودا هەموو هەوڵێكمان لەگەڵ هاوكارانمان لەزانكۆكان بەهاوكاری وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستیی بەئاڕاستەی باشكردنی ژیان و گوزەرانی فەرمانبەران و مامۆستایانی زانكۆكان و سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بووە، هەر لەو سۆنگەیەشەوە پڕۆژەمان گەڵاڵە كردووەو ئاڕاستەی حكومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكانمان كرد لەماوەی ساڵانی رابردوودا. بۆیە لێرەوە جارێكی تر بەڵێن دووپات دەكەینەوە كە بەردەوام دەبین لەهەوڵ و ئەركەكانمان بۆ باشتركردنی ژیان و گوزەرانی مامۆستایان و فەرمانبەرانمان.
لەكۆتاییدا.. داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین، كە بۆ گەڕاندنەوەی مووچەی پاشەكەوتكراوی فەرمانبەران كە قەرزە لای حكومەت، بەهەمانگی حكومەتی فیدڕاڵی لەبەغداو بە میكانیزمێكی گونجاو كار بۆ گەڕاندنەوەی سەرجەم موچەكانی فەرمانبەران بكرێت و ئێمەش بەردەوام دەبین لەهەوڵەكانمان بۆ گەڕاندنەوەی مافی مامۆستایان و فەرمانبەرانمان و سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بەگشتی.
پ.ی.د. موفق خالد ابراهیم
سەرۆكی زانكۆی راپەڕین