University of Raparin Logo

سیمپۆزیۆمی میتۆدو تەكنۆلۆژیای نوێ لەتوێژینەوەی زانستیدا بەڕێوەچوو

چاپکردن ئیمەیڵ

ئێوارەی ئەمڕۆ دوو شەممە (28 – 1 – 2019) سیمپۆزیۆمێكی زانستی لەژێر ناونیشانی كاریگەریی میتۆدو تەكنۆلۆژیای نوێ لەئەنجامدانی توێژینەوەی زانستە كۆمەڵایەتییەكاندا لەلایەن بەشی زانستیی كۆمەڵایەتی لەزانكۆی راپەڕین رێكخرا.

سەرەتا لەلایەن بەڕێز پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دكتۆر ( رزگار حاجی صاڵح) راگری كۆلێژی پەروەردەی بنەڕەت وتاری راگرایەتی كۆلێژەكە پێشكەشكراو تێیدا باسی لەگرنگی رێكخستنی سیمپۆزیۆمەكە كرد. دواتر لەلایەن بەڕێز مامۆستا ( بێستون احمد حسین) سەرۆكی بەشی زانستی كۆمەڵایەتی ئێواران وتاری سەرۆكایەتی بەشی كۆمەڵایەتی پێشكەشی ئامادەبووان كردو تێیدا چەندین رەهەندی گرنگی رێكخستنی سیمپۆزیۆمەكەی خستەڕوو.
سیمپۆزیۆمەكە لەكاتژمێر (5 بۆ 9:30)ی شەو بەئامادەبوونی ژمارەیەكی زۆر لەخوێندكاران و مامۆستایان هەردوو پانێلی سیمپۆزیۆمەكە بەڕێوەچوون و سەرەتا لەپانێلی یەكەمدا كە لەلایەن مامۆستا محمد قادر رسوڵ بەڕێوەبرا، سیمیناری یەكەم دەربارەی میتۆدو رێكارەكانی توێژینەوە لەزانستی جوگرافیادا لەلایەن دكتۆر ساكار گەردی پێشكەشكرا، و دواتر سیمینارێكی تر دەربارەی گرنگی كارتوگرافیاو بەكارهێنانی (GIS - Geographic Information System) لەتوێژینەوە جوگرافیەكان لەلایەن هەریەك لەمامۆستایان علی حسن علی و محمد وتمان پێشكەشكراو دواتریش لەلایەن مامۆستا هەژار قادر سیمینارێك دەربارەی بەكارهێنانی (Statistical Package for the Social Sciences - SPSS) لەتوێژینەوەكانی دەروونزانی پێشكەشكرا. و بەسەرنج و پرسیاری ئامادەبووانیش كۆتایی بەپانێلی یەكەم هێنرا.
لەپانێلی دووەمی سیمپۆزیۆمەكەشدا كە لەلایەن مامۆستا رابەر ابراهیم محمد بەڕێوەبرا چەند سیمینارێك پێشكەشكران و سەرەتا لەژێر ناونیشانی پاشماوە شوێنەوارییەكان وەك سەرچاوەی توێژینەوەی مێژوویی لەكوردستان و هەڵوەستەیەكی پێویست لەلایەن دكتۆر محمدامین علی عبداللە سیمینارێك پێشكەشكرا، و دواتری سیمیناری دووەمیش دەربارەی سامپڵ و جۆرەكانی لەتوێژینەوە دەروونزانییەكاندا لەلایەن مامۆستا شێروان شەریف پێكشەكشرا، هەروەها سیمیناری میتۆلۆژی و جێبەجێكردنی لەتوێژینەوە مێژووییەكاندا) لەلایەن مامۆستا احمد حمە مستەفا پێشكەشی ئامادەبووان كرا. و بەسەرنج و پرسیاری ئامادەبووانیش كۆتایی بەپانێلی دووەم هێنرا.
دواتر لەلایەن دكتۆر پشتیوان سەفیق ئەندامی لیژنەی راسپاردەكانی سیمپۆزیۆم، راسپاردەكانی سیمپۆزیۆم خوێنرانەوە، هەروەك لەكۆتایی سیمپۆزیۆمەكەدا بڕوانامەی بەشداربوون بە بەڕێوەبەری پانێلەكان و پێشكەشكارانی سیمینارەكان و ئەندامانی لیژنەی سەرپەرشتیاری سیمپۆزیۆم بەخشرا.