University of Raparin Logo

سیمپۆزیۆمێک دەربارەی ڕەخنەی ئەدەبی و شەوی یەڵدا لە زانکۆی ڕاپەڕین بەڕێوەدەچێت

چاپکردن ئیمەیڵ

راگەیاندنی زانكۆ
ئەمڕۆ چوار شەممە (١٩-١٢-٢٠١٨)، بەشی زمانی کوردی لە کۆلێژی پەوەردەی بنەڕەت بەهاوکاری بەڕێوەبەرایەتی چالاکی وەرزشی و ڕۆشنبیری لە زانکۆی ڕاپەڕین، لە هۆڵی چالاکییەکانی زانکۆ، بەئامادەبوونی یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری خوێندكاران بەڕێز دكتۆر (دارا تۆفیق كاكەئەمین) سیمپۆزیۆمێکی لەژێر ناونیشانی (ڕەخنەی ئەدەبی و شەوی یەڵدا) سازکرد.
لەدەستپێکی سیمپۆزیۆمەکە (پ.ی.د. ڕزگار حاجی صاڵح) ڕاگری کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەت وتەیەکی پێشکەشکرد، تیایدا وێرای بەخێرهاتنی ئامادەبووان سوپاس ڕێکخەرانی سیمپۆزیۆمەکەی کرد، دواتر ئاماژەی بە گرنگی سازدانی چالاکییە ئەدەبییەکان کرد، وتیشی:ئاشکرایە کە زمان و ئەدەبی هەر نەتەوەیەک شوناسی نەتەوەکە دیاری دەکات، هەروەک ژیان و بیرکردنەوە و دنیابینی مرۆڤ لە بواری ئەدەبدا وایکردووە کە توێژەران و لێکۆڵەران نەتوانن دەستبەرداری توێژینەوەی ئەدەبی بن. دواتر باسی لە ئەرکی زانکۆ کرد وەک ناوەندێکی توێژنەوەی مەعریفی کە کەرەستەکانی توێژینەوە و کەلتوری میللەتەکەمان بە نەوەکانی ئێستا و داهاتوو بگەیەنێت
پاشان سەرۆکی بەشی زمانی کوردی (م.ی. بارزان علی پیرۆت) لە وتەیەکدا باسی ئەرکی زانکۆ کرد كە وەک ناوەندێکی توێژینەوە و داهێنانی زانستی کە بابەتە هەنوکەیی و سەردەمییەکان بخاتە بەر باس و لێکۆڵینەوە و گەنگەشەیان لەبارەوە بکات، وتیشی وەکو بەشی زمانی کوردی بە پێویستمان زانی لەم سیمپۆزیۆمەدا بابەتێکی گرنگ و سەردەمی وەک ڕەخنەی ئەدەبی بخەینە بەرباس و لێکۆڵینەوە ، هەروەک بە مەراسیمێک ماڵئاوایی لە کۆتا شەوی وەرزی پایز بکەین.
داواتر چالاکییەکانی سیمپۆزیۆمەکە دەستی پێکرد، پانێڵی یەکەم لەلایەن (م. ناهیدە حسێن ئەحمەد) بەڕێوەچوو، تیایدا سێ سیمیناری زانستی تایبەت بە ڕەخنەی ئەدەبی لەلایەن ئەکادیمیستان و توێژەرانی بواری ئەدەبی پێشکەشکران، سیمیناری یەکەم لەلایەن (پ.ی.د. سیروان جەبار ئەمین "زەند") دەربارەی "مەعریفەى شیعرى لە ئەدەبى کوردیدا" پێشکەشکرا، دواتر لە سیمیناری دووەمدا (پ.ی.د. هەژار ئەحمەد عبدالغفور) باسی لە تەوەری "شیعر و ئازادى" کرد، پاشان سیمیناری سێیەم لەلایەن (پ.ی.د. سەرکەوت عومەر ابراهیم) دەربارەی "ئیرۆتیکاى قەسیدەى شیعریی (مەستوورە) لە نێوان (ستایش) و (هەجوو)ى نالیدا پێشکەشکرا.
لە پانێڵی دووەمی سیمپۆزیۆمەکەدا کە بڕیارە سبەی شەو (٢٠-١٢-٢٠١٨) بەڕێوە بچێت و هاوکاتە لەگەڵ (شەوی یەڵدا )، سیمینارێک دەربارەی (شەوی یەڵدا و ڕەنگدانەوەی لەناو ئەدەبیاتدا) لەلایەن (م.ی. بارزان على پیرۆت) پێشکەش دەکرێت، دواتریش چەندین پارچە شیعری ئاوێزانی میوزیک لەلایەن هەریەک لە شاعیران (ڕزگار حەمەئەمین ئەحمەد، هەندرێن ئەحمەد حسێن و ئەڵماس مستەفا ڕەسوڵ) پێشکەشدەكرێن و هونەرمەندان (رزگار حسێن و شەماڵ بابەكر) بە وتنی چەند گۆرانیەك بەشداری چالاكییەكان دەكەن.