ئەمڕۆ یەكشەممە (٢-١٢-٢٠١٨) كاتژمێر (٢)ی پاشنیوەڕۆ لەهۆڵی چالاكییەكانی زانكۆی راپەڕین، پڕۆژەی نمایشی فیلم بۆ ساڵی دووەم دەستیپێكرد كە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندن سەرپەرشتیدەكرێت.
لەسەرەتای دەستپێكی پڕۆژەكەدا دكتۆر (ئاراز رەمەزان) بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانكۆی راپەڕین، پڕۆژەكەی بەئامادەبووان ناساندو باسی لەوەكرد كە پڕۆژەكە بەدرێژایی ساڵی خوێندن بەردەوامی دەبێت و هەفتانە فیلمێكی ناوازە نمایش دەكرێت، و فیلمەكانیش لەلایەن لیژنەیەكەوە لەسەرۆكایەتی زانكۆ هەڵدەبژێردرێن و رەچاوی لایەنی كەلتوریی و پەروەردەیی و زانستیی دەكرێت و پێشنیازی خوێندكاران و مامۆستایانیش بۆ نمایشكردنی فیلمەكانی دەخرێتەوە بەردەم لیژنەكەو دواتر بڕیاری لەسەر دەدرێت.
دواتریش نمایشكردنی یەكەمین فیلمی ئەمساڵ نمایشكرا كە فیلمی (One Flew Over the Cuckoo's Nest ) واتە ئەو كەسەی هێلانەی باڵندەكەی بەجێهێشت بوو. ئەم فیلمە لەفیلمە دراماییەكانەو لەدەرهێنانی مایلس فۆرمان-ە، هەروەها جاک نیکڵسن ، لویس فلێچەر ، مایکڵ بێریمان ئەكتەری سەرەكی چیرۆكەكانی ناو فیلمەكەن.
چیرۆكی فیلمەكە ئاژاوە چیەکی تاوانبارە كە ئەیەوێت لە ڕێگەی چوونە ناو شێتخانەیەک خۆی لە سزاکانی بپارێزێت بەڵام دواتر خۆی لەبیر ئەکات و هەوڵ ئەدات ڕێگەیەک پیشانی شێتەکان بدات کە خۆیانی تێدا بدۆزنەوە و بۆیان دەربکەوێت کە ئەو شوێنەی ئەوانی تێدان قەفەسێکی داخراو نیە بەڵکو هێلانەیەکە کە کەی بیانەوێت .ئەتوانن بەجێی بهێڵن.
ئەم فیلمە براوەی پێنچ خەڵاتی ئۆسکار بۆ (باشترین فیلم ، ئەکتەر ، خانمە ئەکتەر ، دەرهێنەر ،سیناریۆ) و براوەی شەش خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب بۆ هەمان بوارەکان و شەش خەڵاتی دیکەی بافتا. و زۆرێك لەپسپۆڕانی سینەما ئەم فیلمە بەباشترین فیلم لەمێژووی هۆڵیود دادەنێن.