University of Raparin Logo

بەسەرپەرشتی ئینستیتیوتی مێری، خولی راهێنانی رۆژنامەنووسان لە زانکۆی ڕاپەڕین بەڕێوەچوو

چاپکردن ئیمەیڵ

ئینستیتیوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە بە هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی زانکۆی ڕاپەڕین، پڕۆگرامێکی بۆ ڕاهێنانی ڕاگەیاندنکارانی سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین لە زانکۆی ڕاپەڕین سازکرد.

ئەمڕۆ سێ شەممە (٣٠-١٠-٢٠١٨) لەزانکۆی راپەڕین لە کاتژمێر (١٠)ی پێشنیوەڕۆ بۆ (٤:٣٠)ی ئێوارە، لە پێناو گەشەپێدانی توانای ڕاگەیاندنکارانی سنورەکە، ئینستیتیوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە بە هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی زانکۆی ڕاپەڕین، خولی راهێنانی رۆژنامەوانی بۆ رۆژنامەنووسانی سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین سازکرد.

لەسەرەتای پڕۆگرامەكەدا دوای وتەی بەخێرهاتن و یەكترناسین، وتەی ئینستیتیوتی مێری پێشكەشكراو دواتر فۆڕمی هەڵسەنگاندنی پێشوەخت بەسەر بەشداربوواندا دابەشكرا.

لە خولەكەدا (٢٤) ڕۆژنامەنوسی سنورەکە بەشداربوون، ناوەڕۆکی خولەكە سێ تەوەری لەخۆگرتبوو، تەوەری یەکەم لەبارەی پرسەكانی (پێناسەو بنەماكانی كاری رۆژنامەوانی سەردەمیانەو شێوازی نوسینی هەواڵ و راهێنانی بەشداربووان لەسەر هەڵبژاردنی بابەت و بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەی رۆژنامەوانی) بوون كە لەلایەن (سەلام عمر) ڕهێنەری میدیایی پێسکەشکران، تەوەری دووەم لەبارەی گرنگی راگەیاندن و گرانتی پڕۆژەكە لەلایەن (سەرباز حەمەرەشید) بەڕێوەبەری راگەیاندنی كونسوڵگەری ئەمریكا لەهەولێر پێشكەشكرا. هەروەك لەتەوەرێكی تری خولەكەدا بابەتێك بەناونیشانی (لێكۆڵینەوەی رۆژنامەوانی لەسەردەمی جیهانگیریی و شێوازی توێژینەوە لەبواری میدیا) لەلایەن دکتۆر( ئاراز رەمەزان) مامۆستا لەزانكۆی راپەڕین پێشکەشی ڕۆژنامەنووسان کرا، لە تەوەری سێیەمدا دکتۆر (دلاوەر عەلائەدین) سەرۆكی ئینستیتیوتی مێری بابەتێكی دەربارەی ( رۆڵی توێژینەوە لەكاری رۆژنامەوانی) پێشكەشكرد.

هەر لەخولەكەدا فۆڕمی هەڵسەنگاندنی كۆتایی بەسەر بەشداربوواندا دابەشكراو دواتریش بڕوانامەی بەشداربوون درا بە رۆژنامەنووسانی بەشداربووی خولەكە.

ئەم خولی راهێنانی رۆژنامەنووسان بە پشتگیری دارایی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاو بەسەرپەرشتی ئینستیتیوتی مێری جێبەجێدەكرێت.