ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠١٨/١٠/١٧، لەیاریگای ئازادەڕەش لەشاری رانیە، بەئامادەبوونی ئەنجومەنی زانكۆ و مامۆستایان و خوێندكارانی دەرچوو و ژمارەیەك لەبەرپرسانی حكومی، ئاهەنگی حەوتەمین خولی دەرچووانی زانكۆی راپەڕین بەڕێوەچوو. کە تیایدا بڕوانامەی بەكالۆریۆس لە (٢٠) بەشی زانستی و پسپۆڕی لە (٥) كۆلێژ بە (٩٩٢) خوێندكار بەخشرا.
سەرەتای ئاهەنگەکە بەكەژاوەی رۆشتنی خوێندكاران بۆ شوێنەكانیان دەستی پێكرد، پاشان بە وتەیەک بەخێرهاتنی سەرۆك و ئەندامانی ئەنجومەنی زانكۆ و خوێندكارانی دەرچوو و مامۆستایان و و میوانانی ئامادەبوو کرا و، لەلایەن دكتۆر (عبدالرحمن عزیز) مامۆستا لەزانكۆی راپەڕین چەند ئایەتێك لەقورئانی پیرۆز خوێندرایەوە.
دواتر لەلایەن پڕۆفیسۆری یاریدەدەر بەڕێز دكتۆر ( موفق خالد ابراهیم) وتاری سەرۆكایەتی زانكۆ خوێندرایەوە، تیایدا باسی لەهەنگاوەكانی گەشەكردنی زانكۆی راپەڕین و دەستكەوتە زانستییەكانی زانكۆكە و داهاتووی زانكۆی راپەڕین كرد، هەروەكو ئاماژەی بەهەوڵ و تێكۆشانی خوێندكاران و مامۆستایاندا كە لەماوەی ساڵانی خوێندنی زانكۆیی داویانە، سەرەڕای بوونی قەیرانە هەمەجۆرەكان لەهەرێمی كوردستان و ناوچەكەدا، هەروەك پیرۆزبایی لەدەرچووانی زانكۆی راپەڕین و كەسوكاریان كردو هیوای خواست ئەم پۆلە لەدەرچووانی زانكۆی راپەڕین بتوانن خزمەتی نیشتمان و نەتەوەكەیان بكەن.
پاشان لەلایەن بەڕێز دكتۆر ( دارا تۆفیق كاكەامین) یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی راپەڕین بۆ كاروباری خوێندكاران و سەرۆكی لیژنەی باڵای حەوتەمین خولی دەرچووانی زانكۆی راپەڕین، وتاری لیژنەی باڵای ئاهەنگی دەرچووان خوێندرایەوە، لەوتارەكەیدا وێڕای پیرۆزبایی لەدەرچووان و كەسوكاریان بەگرنگییەوە باسی لەڕۆڵی دەرچووانی زانكۆ كرد بۆ خزمەتكردنی داهاتووی نیشتمان و نەتەوەكەیان، هەروەكو ئاماژەی بەبارودۆخی دژواری كوردستان و ناوچەكەدا كە بونە هۆكاری دروستبونی قەیرانی جۆراوجۆر بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خوێندكاران و مامۆستایان و فەرمانبەران توانیان بەسەر قەیرانەكاندا زاڵبن و درێژە بەساڵانی خوێندن بدەن لەزانكۆ.
لەبەشێكی تری مەراسیمەكەدا رێورەسمی سوێندی دەرچووان لەلایەن بەڕێز دكتۆر ( بەهزاد وسو حمد) بەڕێوەبەری گشتی سەنتەری توێژینەوە لەزانكۆی راپەڕین بەڕێوەچوو.
هەر لەمەراسیمەكەدا لەلایەن بەڕێز دكتۆر ( دارا توفیق كاكەامین) یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری خوێندكاران داوا لە پڕۆفیسۆری یاریدەدەر بەڕێز دكتۆر ( موفق خالد ابراهیم) كرا بۆ پێدانی بڕوانامەی بەكالۆریۆس بەدەرچووانی حەوتەمین خولی زانكۆی راپەڕین و هاوكات لەلایەن سەرۆكی زانكۆوە بڕوانامەی بەكالۆریۆس بەدەرچووان بەخشرا.
پاشان ڕوانامەی دەرچوون بەسەر سەرجەم دەرچووانی بەشە زانستییەكانی كۆلێژەكان لەلایەن راگری كۆلێژەكانەوە دابەشكرا و، دواتریش خەڵاتی سەرۆكایەتی زانكۆی راپەڕین بەسەر سێ یەكەمی سەرئاستی پسپۆڕی زانستە سروشتیی و كرداییەكان و پسپۆڕی زانستە مرۆییەكان و بەشەكانی خوێندنی ئێواران دابەشكراو هەر لەمەراسیمەكەدا بڕوانامەی رێزلێنانی سەرۆكایەتی زانكۆی راپەڕین بە دەرچووە یەكەمەکانی سەرجەم بەشەكاندا بەخشرا.