گروپی کۆمەکی زانکۆ ، گروپێکی خۆبەخشی بێلایەنە لە زانکۆی ڕاپەڕیندا کار دەکات بۆ هاوکاری کردنی خوێندکارانی زانکۆی ڕاپەرین لە هەردوو کەمپەسی ڕانیە و قەڵادزێ ، ئەم گرووپە لە لایەن کۆمەڵێک لە خوێندکاران و مامۆستایەکی خۆبەخشی زانکۆکەمان دروست بووە و بەڕێوە دەبرێت ، لە ژێر ڕۆشنایی و ڕێگە پێدانی سەرۆکایەتی زانکۆی ڕاپەڕین لە ١١/ ٤ / ٢٠١٦ یەکەم کۆبونەوەی ئەنجام دا. لەماوەی سێ ساڵی کار کردندا دوو مامۆستا سەرپەرشتیاریان کردوە یەک لە دوای یەک نزیکەی سەد ئەندام کاریان تێدا کردوە و نزیکەی (٢٦٠) فێرخواز سودمەندبوون لە هاوکاری دارایی گرووپەکە .
جۆری هاوکاریەکانی گروپەکە بەم شێوەیەیە .
هاوکاریەکانی گروپ بەزۆری خۆی لە چوارچێوەی ماددی دا دەبینێتەوە ، بەپێی بوونی پارە لە قاسەی گروپ و هەبوونی خوێندکاری کەمدەرامەت ، لیستی هاوکاری دروست دەکرێت و لە پرۆسەیەکی نهێنی و پارێزراودا دیاریەکە دەگاتە دەستی خوێندکارە کەم دەرامەتەکان ، بەپێی گونجان خۆراک دابەشدەکات بەسەر هەردو بەشی ناوخۆیی کچان و کوڕان.
سەرچاوەی داهاتی گروپ بریتیە لە کەسانی خێر خواز کە حەز دەکەن هاوکاری گروپ وخوێندکاران بکەن و وە ئەوکار و چالاکیانەی یارمەتی دەرن بۆ کۆکردنەوەی پارە بۆ سندوقی گروپ لە ڕێگای دانانی سندوقی گروپ لە کافتریاکانی ناو زانکۆی ڕاپەڕین.
گروپی کۆمەک تا ئێستا بیست و یەک کۆبونەوەی ئەنجام داوەو چەندین کارە چالاکی گرنگیان ئەنجامداوە وەک ( ئەنجامدانی کەمپینێکی دوو رۆژی لە ناو بازاری ڕانیە لە ساڵانی ٢٠١٥ – ٢٠١٦ دابەشکردنی خۆراک بەسەر بەشە ناوخۆیی کچان و کوڕان لە ڕانیە و قەڵادزێ لە ساڵی٢٠١٦ - ٢٠١٧ ، پێدانی بڕی نیوەی پارەی خوێندکارانی بەشە ناوخۆیی بە دارایی زانکۆ بەرانبەر مانەوەیان لە بەشە ناوخۆیی ، سەردانیکردنی کۆمەڵێک دکتۆر لە ڕانیە و قەڵادزێ بە مەبەستی بینینی خوێندکارانی کەم دەرامەتی زانکۆی ڕاپەڕین بەبێ بەرانبەر ، قسەکردن لەگەڵ سایەقی پاسەکانی قەڵادزێ بۆوەرنەگرتنی پارەی هاتوچۆی خوێندکاره کەم دەرامەتەکان ، لەساڵانی ٢٠١٦ – ٢٠١٧ وە ٢٠١٧ – ٢٠١٨ ، قسە کردن لەگەڵ خاوەنی فۆتۆکۆپی کۆلێژی پەروەردەی قەڵادزێ بۆ وەرنەگرتنی پارەی مەلزمەی خوێندکارە کەم دەرامەتەکان لەساڵانی ٢٠١٦ – ٢٠١٧ وە ٢٠١٧ – ٢٠١٨ ، یارمەتیدانی خوێندکارانی قۆناغی یەکەمی بەشی کۆمپیوتەر بۆ چاکردنەوەی لایەنی سۆفتوێری کۆمپیوتەرەکانیان لە ساڵی ٢٠١٧ – ٢٠١٨ ، سەردان کردنی هۆڵەکانی خوێندن لەهەردوو کەمپەسی ڕانیە و قەڵادزێ بۆ ئاشنا کردنی گروپی کۆمەکی زانکۆ بە خوێندکاران لە ساڵی ٢٠١٧ – ٢٠١٨ ، هاوکاری کردنی خێرخوازێک بۆ گەیاندنی خۆراک بۆ بەشە ناوخۆیی کچان لە ساڵی٢٠١٧ – ٢٠١٨ ، گەیاندنی هاوکاری چەند خێر خوازێک بۆ خوێندکارانی بەشە ناوخۆیی) .
هەروەها لە ڤیستیڤاڵی رۆژی زانکۆ کەلە ٤ / ٤ / ٢٠١٨ ئەنجام دەدرێت، گروپی کۆمەکی زانکۆ بەچەند چالاکییەکی جۆراوجۆر بەشداریدەکات ، یەکێک لەو چالاکیانە فرۆشتنی کتێبە کە پێشکەشی گروپ کراون لەلایەن ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت یارمەتی گروپ بدەن ، وە گروپیش بەنرخێکی کەم دەیانفرۆشێت و تەواوی داهاتەکەش بۆ سندوقیگروپی کۆمەک دەبێت.
هەر کەسێکیش ئەگەر کتێبی هەیە و دەیەوێت هاوکاری یەکێک بکات و گەورەیی بنووێنی بە بەخشینی کتێبەکانی بە گروپی کۆمەک ، گروپەکە ئامادەیە بە وەرگرتنی لە ڕێگای پرسگەی زانکۆ و یارمەتیدانی خوێندکاران بە فرۆشتنەوەی کتێبەکان .