دوو مامۆستای زانكۆی ڕاپەڕین هاوكات رۆژنامەنووس و ئەكادیمی پ.ی.د. هێرش رەسوڵ و مامۆستا ئاراز رەمەزان، كتێبێك لەبارەی ڕۆژنامەنوسیی لۆكاڵی شاری رانیە بڵاودەكەنەوە، كتێبەكەش لەلایەن رۆژنامەی كوردستانی نوێ چاپ و بڵاوكراوەتەوە.
ئەمڕۆ سێ شەممە ٦ی ئازاری ٢٠١٨، لە هۆڵی چالاكییەكانی زانكۆ، بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی لە مامۆستایان و خوێندكاران و ڕۆشنبیران و خوێنەرانی كتێب، هەردوو ڕۆژنامەنووس و توێژەر پ.ی.د. هێرش رەسوڵ و مامۆستا ئاراز رەمەزان، كتێبێكیان لەبارەی (ڕۆژنامەنووسی لۆكاڵی ڕانیە ۱۹۹۱-٢٠١٥) خستەبەر دیدی خوێنەران.
كتێبەكە سەبارەت بە مێژوو و ئاستی گەشەكردنی ڕۆژنامەنووسی لە تەمەنی (٢٥) ساڵی رۆژنامەنوسیی ناوەندی قەزای رانیە بەنموونە وەرگیراوە واتە لەساڵی (١٩٩١ بۆ ٢٠١٥) واتە تا یادی یۆبیلی زیوینی راپەڕین.
كتێبەكە لەلایەن دوو توێژەر و شارەزای بورای راگەیاندنەوە نوسراوەو میتۆدی ناخشیكاریی و روپێوكاری گشتیان بۆ كتێبەكە بەكارهێناوە. لەكتێبەكەدا باس لەمێژوی رۆژنامەنوسیی لۆكاڵی لەباشوری كوردستان كراوە، هەروەها سەرەتاكانی رۆژنامەنوسیی لەشاری رانیەو رۆڵە پێشەنگییەكانی رانیە لەبزاڤی رۆژنامەنوسیی كوردیدا لەدوای راپەڕین، دواتریش لەبەشی پڕاكتیكی كتێبەكەدا ناخشیكاری بۆ میدیای نوسراو لەناوەندی قەزای رانیە كراوە.
ئەم كتێبە رۆڵ و گرنگی خۆی هەیە بۆ توێژەران و ئەكادیمیستان كە بیانەوێت لەداهاتوودا دەربارەی رۆژنامەنوسیی لۆكاڵی لەناوچەكانی دیكەی كوردستان بنوسن، هەروەكو گرنگی زۆری دەبێت بۆ ئەرشیفكردنی مێژوی (٢٥) ساڵی رۆژنامەنوسیی نوسراو لەشاری رانیەو دواتریش گرنگی و بایەخی خۆی دەبێت بۆ رۆژنامەنوسان. بەو پێیەی راگەیاندن بە یەكێك لە بوارە گرنگەكانی ژیان و كۆمەڵ هەژماردەكرێت، راگەیاندنی نوسراویش، یان رۆژنامەنوسی كە خۆی لە رۆژنامە و گۆڤار و چاپكراوی خولەكییدا دەبینێتەوە، یەكێكە لە جۆرو تەرزە دێرینو كاریگەرەكانی، و لەگەڵ بەرەوپێشچونە خێراكانی زانست و تەكنەلۆژیا و هاتنەئارای ئامرازی نوێچەشنیش، بەڵام هێشتا بایەخی خۆی لەدەستنەداوە. ئەمە بۆ ئێستا، بەڵام ئەگەر بۆ چارەگە سەدەیەك پێش ئەمڕۆش بگەڕێینەوە، دەبینین لە فۆرم و جۆری جیاجیادا ئەركگەلی جیاوازی راپەڕاندوە، یەكێك لەو جۆرانەش لە روی جوگرافیاوەیە، كە (رۆژنامەنوسیی لۆكاڵی)یە.
رۆژنامەنوسیی كوردییش، لە تەمەنی زیاتر لە سەدەیەكی خۆیدا، كە بە چەندین هەورازو نشێو تێپەڕبوە، و قۆناغی جیاوازی بڕیوە، (رۆژنامەنوسیی لۆكاڵی) یەكێك بوە لە جۆرە دیارەكانی، و لە ساتەوەختی خۆیدا رۆڵو كاریگەرێتیی خۆی هەبوە.
لە سۆنگەی بایەخی بواری راگەیاندنو رۆژنامەنوسی، و پێگەی رۆژنامەنوسیی لۆكاڵی لە رۆژنامەنوسیی كوردیدا، ئەم كتێبە دەربارەی رۆژنامەنوسیی قەزای رانیەیە لەباشوری كوردستان، كەوا ژمارەیەك چاپكراوی خولەكی بە جۆرو سروشت و تایبەتمەندیی جیاوازەوە لێدەرچون.