پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠١٧/١٢/٣، لە سەرۆکایەتی زانکۆی راپەڕین پێشوازی لەوەفدێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی راپەڕین کرا، لەکۆبوونەوەیەکدا کردنەوەی بەشە پزیشکیەکان لە زانکۆی راپەڕین تاوتوێکرا.
لەکۆبوونەوەکەدا، بەڕێز پڕۆفیسۆری یاریدەدەر د. موفق خالد ابراهیم سەرۆکی زانکۆی راپەڕین و، د.ھێرش رسوڵ مراد یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری خوێندکاران و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆی راپەڕین ئامادەیی بوون، سەرەتا پێشوازیکرا لەوەفدی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی راپەڕین بەسەرۆکایەتی بەڕێز د. ھیوا محمود علی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی راپەڕین و وەفدێکی ھاوڕێی.
لەکۆبوونەوەیەکدا بەوردی تاوتوێی زەمینەسازی کردنەوەی بەشە پزیشکییەکان لەزانکۆی راپەڕین کرا، وەفدی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی راپەڕین ئامادەیی ھەموو ھاوکاری و ھەماھەنگیەکیان نیشاندا بەمەبەستی زەمینەسازی بۆ کردنەوەی بەشە پزیشکییەکان. هەروەک بڕیاردرا لەداھاتوودا کۆبوونەوەکان بەردەوامیان ھەبێت لەنێوان زانکۆی راپەڕین و بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی راپەڕین بە مەبەستی ئامادەکاری و زەمینەسازی بۆ کردنەوەی بەشە پزیشکیەکان لەزانکۆی راپەڕین.