University of Raparin Logo

شاندیکی زانکۆی ڕاپەڕین بەشداری پڕۆژەی تایگریس دەکات

چاپکردن ئیمەیڵ

ڕاگەیاندنی زانکۆی ڕاپەڕین

ڕۆژی ٢٠١٧/١١/٩، شاندێکی زانکۆی ڕاپەڕین کە پێکهاتبوو لە بەڕێزان پڕۆفیسۆر د. موفق خالید ابراهیم سەرۆکی زانکۆی ڕاپەڕین و، ئاراز محمد اسماعیل بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی زانکۆ، بەشداربوون لە کۆبونەوەی پڕۆژەی تایگریس.

پڕۆژەی تایگریس پڕۆژەیەکە بۆ بەنێودەوڵەتیکردنی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و کەرتی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان، دوای ئەوەی لەسەرەتای ساڵی ٢٠١٧ دا هەشت زانکۆی حکومی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا و دەستەی کوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیجی لەڕێگەی زانکۆی گۆتینگنی ئەڵمانیاوە پڕۆژەیەکی هاوبەشیان ئامادەکرد و پێشکەشی یەکێتی ئەوروپایانکرد، پڕۆژەکە بریتییە لە فەند بۆ دەرچووان بە بڕی نزیکی یەك ملیۆن یۆرۆ، ئەو بڕە پارەیە هەمووی خەرج دەکرێت بۆ بواری بە نێودەوڵەتیکردنی زانکۆکان.

پڕۆژەکە لەمانگی ١٠ی ساڵی ٢٠١٧ دەست پێدەکات تا مانگی ١٢ی ٢٠٢٠، کۆبوونەوەکە سەرەتایەک بوو بۆ کردنەوە و ڕاگەیاندنی دەستپێکردنی پڕۆژەکە، بە ئامادەبوونی نوێنەرانی وەزارەتی خویندنی باڵا و هەشت زانکۆی حکومی کوردستان و دەستەی کوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیجی لەگەڵ ٣ زانکۆی تری ئەورووپی کە ئەوانیش لە پڕۆژەکەدا بەشدارن.

پڕۆژەکە لەلایەن زانکۆی گۆتینگنی ئەڵمانیاوە سەرپەرشتی دەکرێ و کاری هەماهەنگی بۆ ئەنجام دەدرێت و لەڕێگەی هەمان زانکۆوە بڕی فەندەکە بەدەستهاتووە.

هەر لەو چوارچێوەیەدا ئەندامانی وەفدی سەرجەم زانکۆکان بەشدارییان کرد لە یادی ٧٠ ساڵەی دامەزراندنی ئۆفیسی نێودەوڵەتی زانکۆی گۆتینگن.

ڕۆژانی ٩- ١٠/ ٢٠١٧/١١، کۆبونەوەی تایبەت بە پڕۆژەی تایگریس بەڕێوەچوو، لە کۆبونەوەکەدا سەرەتا زانکۆی گۆتینگن باسی گرنگترین بوارەکانی پڕۆژەکە و ووردەکاری بەڕێوەچوونی هەنگاوەکانی پڕۆژەکەیان کرد، دواتر دەرفەت درا بەسەرجەم نوێنەری زانکۆکان بۆ پێشکەشکردنی سیمینار سەبارەت ناساندنی زانکۆکان و باسکردنی پڕۆژەی دیاریکراوی هەر زانکۆیەك.

ئامانجی سەرەکی لە ئەنجامدانی ئەو پڕۆژەیە بریتی یە لە یارمەتیدانی زانکۆکان بە مەبەستی بەرەو پێشبردنی بواری بەنێودەوڵەتیکردنی زانکۆکان لەڕێگەی بەراووردکردنی ڕینماییەکانی خوێندنی باڵا لەزانکۆکانی هەرێمی کوردستان بە سیستمی خوێندن لە زانکۆ ئەوروپییەکان، بەمەبەستی چونیەککردن و زیاتر دەستکراوەیی زانکۆکان بۆ هەماهەنگی کردن لە گەڵ دەرەوە و بەرەو پێشبردنی کەرتی خوێندنی باڵا بە سود وەرگرتن لە ئەزموونی زانکۆ ئەوروپییەکان و لەناویشیاندا زانکۆی گۆتینگن.

لە دووەم ڕۆژی کۆبونەوەکەدا چەند لیژنەیەك پێکهێنران بە مەبەستی کارکردن لەسەر سراتیجی جیبەجێکردنی پڕۆژەکە و میکانیزمەکانی بە نێودەوڵەتیکردن و دیاریکردنی بەربەستەکانی بەردەم خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان کە بڕیارە هەر یەکێك لەو لیژنانە کار لەگەڵ یەکێك لە زانکۆ ئەوروپییە هاوبەشەکان بکات لەسەر یەکێك لەو بوارانە.

بەمەبەستی زیاتر ئاسانکاری بۆ بەڕێوەچوونی ئیش و کارەکان زانکۆی گۆتینگن ئۆفیسێکی تایبەتی خۆی لە دەستەی کوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیجی کردۆتەوە کە نوینەرایەتی زانکۆی گۆتینگن دەکەن بە مەبەستی ئاسانکاری و کاری هاوبەش.