University of Raparin Logo

لە ئەنجامی سکاڵای (زانکۆلاین) ٢٢٦٠ خوێندکاری دیکە ناویان گەڕایەوە

چاپکردن ئیمەیڵ

ڕاگەیاندنی وەزارەتی خوێندنی باڵا

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئەنجامی سکاڵای (زانکۆلاین) ڕادەگەیەنێت، کە بەهۆیەوە (٢٢٦٠) خوێندکاری دیکە بەپێی کەمترین کۆنمرەی وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان وەرگیران.

عەباس ئەکرەم وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: دوای ئەوەی دەرگای پێشکەشکردنی سکاڵا بۆ ئەو دەرچوانەی پۆلی دوانزەی ئامادەیی کرایەوە، کە لەڕێگەی زانکۆلاین داواکارییان پێشکەش کردبو، دوای هەڵسەنگاندنی سکاڵاکانیان دەرکەوت ناویان لە هیچ زانکۆ و پەیمانگایەک نەگەڕابوەوە، بۆیە دوای پێداچونەوەی سەرجەم سکاڵاکان لە ئاکامدا (٢٢٦٠) خوێندکاری دیکە بەپێی کەمترین کۆنمرەی وەرگرتنی ساڵی خوێندنی (٢٠١٧-٢٠١٨) لەزانکۆ و پەیمانگەکان وەرگیران.

وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕاشیگەیاند ئەو خوێندكارانە دەتوانن لە ئەمڕۆ پێنج شەممە، ڕێكەوتی (٩/١١/٢٠١٧) لە سەعات (7)ی شەو بەدواوە لە ڕێگەی وێبسایتی ئەلیكترۆنی www.regayzanko.com بەبەكارهێنانی هەمان ناوی بەکارهێنەر و وشەی تێپەڕ (یوزەیەر نەیم و پاسۆرد) كە پێشتر فۆرمی (زانكۆلاین)یان پێ‌ پڕكردبوەوە، دەتوانن ئەو شوێنە بدۆزنەوە كە لە ئەنجامی سکاڵای (زانکۆلاین) لێیی وەرگیراون، هەروەک داوای لە خوێندکاران کرد لە زوترین کاتدا پەیوەندی بەو بەش و كۆلێژانەوە بكەن کە ناوەکانیان لێ هاتۆتەوە بۆ ڕاییكردنی مامەڵەكانیان و دەستکردن بە پرۆسەی خوێندن.

لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەنجامی وەرگرتن بە سیستمی خوێندنی پارالێل لەزانکۆ و پەیمانگەکان ڕادەگەیەنێت.

بۆ ئەوەش عەباس ئەکرەم وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕایگەیاند، دەرچوانی پۆلی دوانزەی ئامادەیی ئەوانەی داواکارییان بۆ وەرگرتن بەشێوەی سیستمی پارالێل لە زانکۆ و پەیمانگەکان پێشکەش کردبو، لە ئەمڕۆ پێنج شەممە، ڕێكەوتی (٩/١١/٢٠١٧) لە سەعات (٨)ی شەو بەدواوە بەهەمان شێوە لە ڕێگەی وێبسایتی ئەلیكترۆنی www.regayzanko.com بە بەكارهێنانی هەمان ناوی بەکارهێنەرو وشەی تێپەڕ (یوزەیەر نەیم و پاسۆرد)، دەتوانن ئەو شوێنە بدۆزنەوە كە بەسیستمی (پارالێل) لێیی وەرگیراون.

وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕاشیگەیاند، کە پێویستە وەرگیراوانی سیستمی خوێندنی پارالێل لەماوەی یەک هەفتەدا پەیوەندی بە کۆلێژ و پەیمانگەکان بکەن کە لێیی وەرگیراون، بەپێچەوانەوە شوێنەکانیان بەخوێندکار و قوتابیانی یەدەگ پڕدەکرێتەوە.