University of Raparin Logo

پڕۆسەى یەکسانکردنى بڕوانامەکان بەئەلیکترۆنى دەکرێت

چاپکردن ئیمەیڵ

بەئامانجى کارئاسانیکردنى پڕۆسەى یەکسانکردنى بڕوانامەکان لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، لەسەر ڕاسپاردەى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پڕۆسەى یەکسانکردنى بڕوانامەکان بەئەلیکترۆنى کرا و، لەسەرەتاى مانگى (ئەیلول)ەوە کارا دەکرێ.

لەو چوارچێوەیەدا و لە کۆبونەوەى هەفتانەى ئەنجومەنى دیوانى وەزارەتی؟خوێندنی باڵادا کە ئەمڕۆ سێ شەممە ڕێکەوتى (۲۰۱۷/٨/۲۲) بەسەرپەرشتى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەڕێوەچوو.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەگرنگیەوە باسى لە پڕۆسەی بەئەلیکترۆنیکردنى سەرجەم دامەزراوەکانى سەر بە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد. وتى: کاتێک دەمانەوێ بەشێوەیەکى شەفاف و خێرا کاروبارى مامۆستایان و خوێندکاران و فەرمانبەران و هاوڵاتیان ڕایى بکەین دەبێ تەواوى سێکتەرەکان بەئەلیکترۆنى بکەین، ڕاشیگەیاند: بەئەلیکترۆنیکردنى پڕۆسەى یەکسانکردنى بڕوانامەکان دەبێتە هەنگاوێکى گرنگى وەزارەتەکەمان، چونکە فشارێکى زۆر لەسەر ئەو بەڕێوەبەرایەتییە هەیە، ڕایکردنى کاروبارەکانى یەکسانکردنى بەو سیستمە کلاسیکییە نەیدەتوانى لەگەڵ پێشهاتەکاندا بڕوات، بۆیە لێرە بەدواوە فێرخوازان دەتوانن هەر لە ماڵى خۆیان بەبێ ئەوەى ڕێگەیەکى دور ببڕن دەتوانن مامەڵەکانیان بۆ پڕۆسەى یەکسانکردنى بڕوانامەکان دەست پێ بکەن، ئەوەش دەستکەوتێکى گەورەیە بۆ هاوڵاتیان، چونکە بەهیچ شێوەیەک مامەڵەى بەشێوەى دەستى لە فێرخوازان وەرناگیرێت، لەهەمان کاتدا بەدەستکەوتێکى گەورەتر بۆ بوارى ئەکادیمى لە کوردستان دادەنرێ.

لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا، ئارى عادل بەڕێوەبەرى یەکسانکردنى بڕوانامەکان وردەکارییەکانى چۆنیەتى کارکردن و پێشکەشکردنى داخوازینامە بۆ یەکسانکردنى بڕوانامەکان خستەڕوو وتى: وەک بەڕێوەبەرایەتى یەکسانکردنى بڕوانامەکان لەسەر ڕاسپاردەى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەنگاوەکانی پڕۆسەی بەئەلیکترۆنى یەکسانکردنى بڕوانامەکانمان دەستپێکرد، دواجار توانیمان وێبسایتێکى ئەلکترۆنى تایبەت بەپڕۆسەى یەکساکردنى بڕوانامەکان دروست بکەین، وتیشى خوازیاران بەشێوەیەکى ئەلیکترۆنى دەتوانن داواکارى بۆ یەکسانکردنى بڕوانامەکان پێشکەش بکەن، ڕونیشیکردەوە لەسەر وێبسایتەکە سەرجەم زانیارى و دۆکیۆمێنتەکانى پێشکەشکردن و لیستى ناوى زانکۆ باوەڕپێکراوەکان و پرسیارە دووبارەکان دانراون، بۆیە خوازیار بەر لەوەى داواکارى بەشێوەى ئۆنلاین پێشکەش بکات دەبێ سەرجەم زانیارییەکان بەوردى بخوێنێتەوە پاشان داواکارى پێشکەش بکات، هەروەک جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە لێرە بەدواوە هیچ مامەڵەیەک لە دوو مانگ زیاتر ناخایەنێت.
ڕاگەیاندنى وەزارەتى خوێندنى باڵا