University of Raparin Logo

لە ١٥ی ئەم مانگەوە داواکاری بۆ وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان بەسیستمی راستەوخۆ دەستپێدەکات

چاپکردن ئیمەیڵ

وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایدەگەنێت، بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠١٧-٢٠١٨) وەزارەتی خوێندنی باڵا پلان و بەرنامەی تازەیی بەئاراستەی بەرەوپێشبردنی ڕەوتی خوێندن لە هەرێمی کوردستان و، بەرزکردنەوە ئاستی زانستی خوێندکاران و، کواڵێتی خوێندن داڕشت و، مەرج و ڕێنماییەکانی وەرگرتنی لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان هەرێمی کوردستان دەرکرد.

عەباس ئەکرەم وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: دوای ئەوەی ساڵی ڕابردو بەسەرکەوتوی توانرا سیستمی وەرگرتنی ڕاستەوخۆی زانکۆیی لە زیاتر لە (١٠٠) بەشی زانستی لە زانکۆکاندا جێبەجێ بکرێ، بۆیە وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاری فراوانکردنی ئەو سیستمەی دا و، بۆ ئەمساڵی خوێندن (٣٧٧) بەشی زانستی بەسیستمی وەرگرتنی راستەخۆی زانکۆیی خوێندکار وەردەگرن، جگە لە کۆلێژەکانی کۆمەڵەی پزیشکی، ئەندازیاری،بەشی یاسا، بەشەکانی زیندەوەرزانی و کیمیا و کۆمپیوتەر لە کۆلێژەکانی زانست، بەشی زمانی ئینگلیزی لە کۆلێژ و سکوڵەکانی زمان و زانستە مرۆڤایەتییەکان و ئەدەبیات کە وەک ساڵانی پێشو لە ڕێگەی (زانکۆلاین) خوێندکاران دەتوانن داواکاری پێشکەش بکەن، کە دواتر لەلایەن وەزارەتەوە کاتی کارابونی ڕادەگەیەنرێت.

وتیشی: لەوەرگرتنی ڕاستەوخۆی زانکۆیی ڕێژەی (٣٠%)ی کۆنمرە بۆ تاقیکردنەوەی بەش یان کۆلێژە دەبێت و، ڕێژەی (٧٠%)ی کۆنمرەی پۆلی دوانزەی ئامادەیی هەژمار دەکرێت، ئەوەشی ڕاگەیاند: کەمترین کۆنمرەی پێشبڕکێ بۆ کۆلێژ (٦٥%) و، بۆ پەیمانگە (٦٠%)، لەهەمان کاتدا بۆ بەشەکانی هونەر و وەرزش خوێندکاران بەکۆنمرەی (٦٠%) دەتوانن بچنە پێشبڕکێی وەرگرتن.

عەباس ئەکرەم جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، ئەو خوێندکارەی کە بە سیستمی ڕاستەوخۆیی زانکۆیی وەردەگیرێت دواتر ناتوانێت دابەزین و گواستنەوە ئەنجام بدات، چونکە لەسەر بنەمای ئارەزو و لێهاتویی و تاقیکردنەوە وەردەگیرێت.

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئاشکرایکرد داواکاری ڕاستەخۆ لە تۆماری کۆلێژ/ پەیمانگە دەبێت و، خوێندکاران دەتوانن لە ڕێکەوتی ( ٢٠١٧/٨/١٥)ەوە سەردانی ئەو کۆلێژ و پەیمانگەیانە بکەن کە ئارەزوی دەکەن، وتیشی لەیەک کاتدا دەتوانن داواکاری بۆ سێ بەشی جیا پێشکەش بکەن، لەهەمان کاتدا ئەو خوێندکارانەی کە تاقیکردنەوەیان بۆ خولی دوەم ماوە بەهەمان شێوە دەتوانن فۆرمی وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان بەدەست بهێنن، وتیشی لە هەمو زانکۆکان ئامادەکاری تەواو کراوە بۆ پێشوازیکردن لە خوێندکاران، هەروەک ئاگاداری خوێندکارانیش دەکات، کاتێک کە سەردانی تۆماری کۆلێژ و پەیمانگەکان دەکەن بۆ خۆتۆمارکردن و بەدەستهێنانی فۆرم دەبێ ژمارەی ئەزمونی و ئەنجامی پۆلی (١٢)ی ئامادەیی پێشکەش بە تۆمار بکات، تا لەلایەن تۆماری زانکۆ وە پۆلینی داواکارییەکان بەپێی مەرجەکان بکرێت.

عەباس ئەکرەم ڕاشیگەیاند: تاقیکردنەوە بۆ وەرگرتنی ڕاستەوخۆی زانکۆیی لە ڕیکەوتی (٢٠١٧/٩/١٦ تاکو ٢٠١٧/٩/٢١) لەلایەن لێژنەی زانستی بەشەوە ئەنجام دەدرێت، ئەنجامەکانیش بەشێوەی بەرایی لە ڕێکەوتی (٢٠١٧/٩/٢٤) بڵاودەکرێتەوە و، ماوەی هەفتەیەکیش بۆ تانەدان لەئەنجامەکان دانراوە، وتیشی هەر خوێندکارێک ئەگەر بەسیستمی ڕاستەوخۆی زانکۆیی وەربگیرێت مافی پێشکەشکردنی لەڕێگەی (زانکۆلاین) نابێت.

لە کۆتایشدا، وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دوپاتیکردەوە لە مەرج و ڕینماییەکانی وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکاندا مەرجە گشتی و تایبەتەکانی وەرگرتن و کۆنمرەی پێشکەشکردن و وەرگرتنی دەرچووانی ئامادەییە پیشەییەکان و پەیمانگەکان و خوێندنی ئێواران و پارالێل و شێواز و نمرەو مەرجەکانی پێشکەشکردنی تیادا خراوەتەڕو، بۆ ئەم مەبەستەش لەوێبسایتی رەسمی وەزارەتەکەماندا تەواوی مەرج و ڕێنماییەکانی وەرگرتن و لیستی ناوی بەشەکانی وەرگرتنی راستەوخۆی زانکۆیی بڵاوکراوەتەوە.

مەرج و ڕێنماییەکانی وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگە حکومیەکان بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠١٧-٢٠١٨