University of Raparin Logo

وەزارەتی خوێندنی باڵا: پلە تایبەتەکان ناتوانن ماستەر و دکتۆرا بخوێنن

چاپکردن ئیمەیڵ

وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایدەگەیەنێت، بۆ لەمەودوا پلە تایبەتەکان لەدامودەزگاکانى هەرێمى کوردستان، ناتوانن درێژە بەخوێندنی ماستەر و دکتۆرا لە ناوخۆ و دەرەوە بدەن.

عەباس ئەکرەم، وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا رایگەیاند: لەم ساڵى خوێندنەوە پلە تایبەتەکان لەدامودەزگاکانى هەرێمى کوردستان، ناتوانن داواکارى بۆ خوێندنى باڵا ماستەر/دکتۆرا لەناوخۆ و دەرەوەى هەرێم پێشکەش بکەن، چونکە لە هەمان کاتدا ناکرێت خوێندکارى خوێندنى باڵا ماستەر/دکتۆرا بن و لە ئەرکەکەشیان بەردەوام بن.

وتیشی: بڕیارەکە بەپێى یاسای ژمارە ۱٤ ی ساڵى ۲۰۰۹ هەموارکراو (یاساى راژەى شارستانى)، مۆڵەتى خوێندنى باڵا ماستەر/دکتۆرا بەشێوەیەکى خۆتەرخانکردنى تەواو (تفرغ تام) دەبێت.هەروەها لە رێنماى ژمارە (٤) ی خوێندنی ماستەر و رێنمایى ژمارە (٥)ی خوێندنی دکتۆرا کە لەلایەن وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەرکراوە و لە رۆژنامەى رەسمى وەقائیعى کوردستان بڵاوکراوەتەوە، هەمان دەق ئاماژەى بۆ کراوە.

وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا وتی: وەزارەتەکەمان نووسراوى ئاراستەى ئەنجوومەنى شووراى هەرێم کرد، لە وەڵامدا بەنووسراوى فەرمی ئەنجوومەنى شوورا وەڵامى وەزارەتەکەمانى داوەتەوە و رایگەیاندووە (پلە تایبەتەکان لەدامودەزگاکانى هەرێمى کوردستان ناتوانن لە هەمان کاتدا خوێندکاری خوێنى باڵا ماستەر/دکتۆرا بێت و لە ئەرکەکەشیان بەردەوام بێت).

ئاماژە بەوەش دەکات کە "لەسەر ئەو بڕیارە وەزارەتی خوێندنی باڵا نووسراوی ئاراستەی گشت زانکۆکانی هەرێمی کوردستان کردووە، کە لەم ساڵى خوێندنى ماستەر و دکتۆرادا پلە تایبەتەکان بەهیچ شێوەیەک ناتوانن داواکارى بۆ خوێندنى باڵا ماستەر/ دکتۆرا لەناوخۆ و دەرەوەى هەرێم پێشکەش بکەن، تاوەکو لە پۆستەکانیاندا بەردەوام بن. چونکە پێویستە پلە تایبەتەکان بە تەواوی خۆیان تەرخان بکەن بۆ ئەرکەکانیان تا لەو پۆستەدان.