University of Raparin Logo

وەزارەتی خوێندنی باڵا ماوەی مانەوەی خوێندکاران لە دەرەوەی وڵات ڕێکدەخات

چاپکردن ئیمەیڵ

بەمەبەستی رێکخستنی ماوەی مانەوەی خوێندکارانی خوێندنی باڵا/ دبلۆمی باڵا, ماستەر و دکتۆرا، کە لە دەرەوەی وڵات درێژە بە خوێندن دەدەن، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی چەند بڕیارێکی دەرکرد.

عەباس ئەکرەم وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: بۆ ڕێکخستنەوەی ناردنەوەی دەرەوەی خوێندکاران بۆ دەرەوەی وڵات و، بەمەبەستی ڕێکخستنی ماوەی مانەوەیان و گرنگیدان بە خوێندنەکەیان، وەزارەتەکەمان سەرجەم ئەو خوێندکارانەی لەماوەی ساڵی (٢٠١٧) بۆ درێژەدان بە خوێندنی باڵا سەردانی دەرەوەی وڵاتیان کردوە ماوەی مانەوەیان بەپێی ڕێنماییەکانی وەزارەت دیاریکرد.

وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وتیشی: بەپێی بڕیارەکەی وەزارەت ئەو خوازیارییانەی بۆ دبلۆمی باڵا دوای بەکالۆریۆس لە دەرەوەی وڵات دەدەن درێژە بە خوێندن پێویستە بۆ ماوەی (٦) شەش مانگ لەو وڵاتە بمێننەوە.

هەروەها بۆ خوێندنی ماستەر نابێ ماوەی مانەوە لە (١) یەک ساڵی ئەکادیمی کەمتر بێت کە دەکاتە (٩) مانگ، هەروەک بۆ خوێندنی دکتۆراش ماوەکە بە (٢) دو ساڵی ئەکادیمی دیاریکراوە، کە دەکاتە (١٨) مانگ.

عەباس ئەکرەم وتیشی: سەرجەم ئەو خوێندکارانەی لەماوەی ساڵی (٢٠١٧) بۆ درێژەدان بە خوێندنی باڵا / دبلۆمی باڵا, ماستەر و دکتۆرا سەردانی دەرەوەی وڵاتیان کردوە ئەم بڕیارەی وەزارەت بەسەریاندا جێبەجێ دەکرێت، بە پێچەوانەوە کەمتر لەو ماوە دیاریکراوانە، ئەوا یەکسانکردنی بڕوانامەکانیان بۆ ناکرێت.