ئەمڕۆ سێشەممە ۲۳ی ئایاری ۲۰۱۷، بەشی فەلسەفە لە زانکۆی ڕاپەڕین، دیداری "قەڵەمێکی ئازا" بۆ کەسایەتی ناسراوی بواری ئەدەب و مێژوو (میرزا مەنگوڕی) سازکرد.
بە ئامادەبوونی (د. موفق خالد) سەرۆکی زانکۆ و ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ و کەسوکاری بیرمەندی گەورە میرزا مەنگوڕی و ژەمارەیەک لە مامۆستا و خوێندکارانی زانکۆ، لە بەرامبەر هەڵوێست و کارەکانی لە بواری ئەدەب و مێژوودا، بەشی فەلسەفە دیدارێکی بۆ کەسایەتی ناسراو میرزا مەنگوڕی بەناونیشانی "قەڵەمێکی ئازا" سازکرد.
لە سەرەتای دیدارەکەدا (د. هێرش رسول) وتەیەکی بەناوی سەرۆکایەتی زانکۆ پێشکەشکرد، وێڕای بەخێرهاتنی سەرجەم ئامادەبووان و بنەماڵەی میرزا مەنگوڕی نەمر، سوپاسی بەشی فەلسەفەی کرد بۆ ڕێکخستنی دیدارەکە، وتی مەنگوڕی لە ئەدیب و نوسەرە پێشەنگەکانی کوردە، مێژووی ئەدەب و ڕۆشنبیری کوردی ئەو ڕاستیەی سەلماندووە کە مەنگوڕی هەر زوو دەستی بە کاری سیاسی و ئەدەبی و ڕۆشنبیری کردووە، چەندان نوسینی لەو بوارانەدا هەبووە، بەڵام جێگەی داخە، کە مێژوو غەدرێكی گەورەی لەو بیرمەندەی دەڤەرەکەمان كردووە و بەشێكی زۆری بەرهەم و هەڵوێستەكانی لەلای نەوەی نوێ تا ئێستاش بە شاراوەیی ماوەتەوە، وەك پێویست رۆشنایی نەخراوەتە سەر کار و بەرهەمەکانی ئەو ڕۆشنفکرە، وتیشی: مەنگوڕی لەسەر بیروڕای ئازاد لەساڵانی سییەکانی سەدەی ڕابردوودا لەسەر نوسینی كتێبی "هەنگاوێك بۆ سەركەوتن" دادگایی دەكرێت و بۆ ماوەی شەش مانگ زیندانی دەكرێت لەگەڵ سووتانی بەرهەمەكە، وتیشی هیوادارین بەم دیدارە بتوانین پەڕەیەک لە هەڵوێست و کارە ئەدەبیەکانی ئەو قەڵەمە بوێرە هەڵبدەینەوە .
پاشان لە دوو پانێڵی دیدارەکەدا (۷) بابەت لەسەر هەڵوێست و کارە ئەدەبیەکانی مەنگوڕی پێشکەشی ئامادەبووان کران .
ناونیشانی بابەتەکانی پانێڵی یەکەمی دیداری "قەڵەمێکی ئازا" بۆ میرزا مەنگوڕی .
(م. ئارام قادر صابر ، م. هیمداد محمود حمەصالح) بابەتێکیان دەربارەی (مەنگوڕی، هزرێکی ڕۆشنگەر، جیهانێکی ئازا بەنمونە) پێشکەشکرد.
(م. ئەڤین ئاسۆس حمە) بابەتێکی دەربارەی (ئامادەگی ژن لەنێو دەقە ئەدەبییەکانی مەنگوڕیدا) پێشکەشکرد .
(جمال حسێن رحیم) بابەتێکی دەربارەی ( خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی هەنگاوێک بۆ سەرکەوتن) پێشکەشکرد.
(د. دارا تۆفیق کاکەمین) بابەتێکی دەربارەی ( خوێندنەوەیەک بۆ میتۆدی نوسینەوەی مێژوو لای میرزا مەنگوڕی) پێشکەشکرد.
بابەتەکانی پانێڵی دووەمی دیدار
(د. مسلم حسن محمد ، سەرکەوت رسول حسن) بابەتێکیان دەربارەی (دیدی میرزا مەنگوڕی بۆ مرۆڤ) پێشکەشکرد.
(نیازی حمە عزیز) بابەتێکی دەربارەی (دیوێکی دیکەی مەنگوڕی) پێشکەشکرد .
(م. عمر ولی فیزی) بابەتێکی دەربارەی (خوێندنەوەیەکی مارکسیستیانە بۆ کتێبی ئەستێرەی مەریخ) پێشکەشکرد.
لە کۆتایی دیدارەکەدا خەڵاتی بنەماڵەی مەنگوڕی ئەدیب بەخشرایە سەرۆکایەتی زانکۆی ڕاپەڕین.